وردەکاری کوژرانی ئەفسەرێک لە سلێمانی ئاشکرا دەکرێت
K24 – سلێمانی
بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان زانیاری لەبارەی کوژرانی ئەفسەرێکی پۆلیس لە سلێمانی دەخاتەڕوو رایدەگەیەنێت، بکوژەکە دەستڕێژی گولـلەی لە ئەفسەر و کارمەندانی پۆلیس کردووە.
کوردۆ عومەر، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەفسەر و کارمەندانی ئێمە بە بڕیاری دادگا چوونە ئەو کەسە بگرن، چونکە چەندین جار سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە و داوای لێکراوە بۆ لێکۆڵینەوە ئامادەبێت، بەڵام بەدوای داواکە نەهاتووە، شەوی رابردوو کاتێک بە دوای دا دەچن لە ماڵەکەی پێش ئەوەی ئەفسەر و پۆلیس لە ئۆتۆمبێل بێنە خوارەوە دەستڕێژی گولـلەی لێکردون، ئەو کەسە داواکراو بوو لە چەکی بە دەستەوە بووە".
گوتیشی: "تائێستا تەقەکەرەکە نەگیراوە و هێزە ئەمنییەکان بەدوای دەگەڕێن، بەگوێرەی زانیارییەکان چەند کەسێک بوونە، بەڵام یەکیان تەقەی کردووە".
کۆردۆ عومەر، راشیگەیاند: "ئەو ئافرەتەی سکاڵای لەسەر ئەو کەسە تۆمار کردووە، پارێزراوە".
روونیشیکردەوە: "لەو کاتەی تەقەی لە هێزەکانی پۆلیس کردووە، گولـلەیەک بەر تانکی بەنزینی ئۆتۆمبێل کەوتووە و ئۆتۆمبێلەکە ئاگری گرتووە، دوو پۆلیس بریندارن و برینەکانیان سەختە".
بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئاماژەی بەوەشدا: "بەڕێوەبەرایەتییەکان بەو ستافە کەمە بەڕێوەچوونیان زەحمەتە، چونکە رۆژ دوای رۆژ سکاڵاکان زیاد دەکەن، بۆیە داوا دەکەین ستاف بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانمان زیاد بکرێت، بوونی چەک لە ماڵان و سیمکارتی علوج هەڕەشەی بەردەوامن بۆ سەر ژنان".
ئاشکراشی کرد: "لە مانگی ئەمساڵدا 2 هەزار و 400 سکاڵاکار زیادیکردووە، ئەمە پێویستی بە کردنەوەی دۆسیە و لێکۆڵینەوەیە، بەڵام کارمەندانی ئێمە ئەگەر کەمی نەکردبێ زیادی نەکردووە".