رزگار ئەژی گۆران: موزایەدەچییەکان ناتوانن جێگرەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بدۆزنەوە

"ئەوانەی دەیانەوێت بە دوو تەنکەر کێشەی بەنزین چارەسەر بکەن، به‌ هه‌موو هێزێكیانه‌وه‌ ناتوانن جێگرەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بدۆزنەوە"
رزگار ئەژی گۆران ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی (سلێمانی_ هەڵەبجە)ـی پارتی
رزگار ئەژی گۆران ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی (سلێمانی_ هەڵەبجە)ـی پارتی

K24- هەولێر:

رزگار ئەژی گۆران، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی- هەڵەبجەی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت، چەند مینبەرێکی دیكه‌ دەتوانن قسە لەسەر ئەو واقیعە بکەن کە هەیە، ئەویش مینبەری فەرمی سیاسیەکان و میدیایە بەگشتی، بەداخەوە لەم رۆژانەدا زۆربەی میدیاکان نەهاوکارن بۆ ئەم بارودۆخەی کە دروستبووە و نە مینبەرە سیاسیەکان بەگیانێكی بەرپرسیارێتییەوە رووبەڕووی رووداوەکان ده‌بنەوە.

باسی لەوەشکرد، ئەو دەستوورەی لە %80ـی خەڵکی عێراق دەنگی پێداوە، زۆربەی ماددەکانی جێبەجێ ناکرێت، یەکێك لەو ماددانە، ماددەی 121ـە لە بڕگەی پێنج، کە باس لە هێزی پێشمەرگە دەکات وەك پاسەوانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و پاراستنی سنوورەکان، بەڵام بە هیچ شێوەیەك ئەم ماددەیە چالاك نەکراوە و مامەڵەی وەزارەتی بەرگری عێراق لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا، مامەڵەیەکی دەستووریانە و یاساییانە نەبوو، ئەو چەك و تەقەمەنییە مۆدێرنانەی کە هێنراوەتە عێرق، لە سەدا یەکی نەدراوەته‌ هێزی پێشمەرگە.

رزگار ئەژی گۆران گوتیشی: "ئەو مینبەرە سیاسیانەی کە هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌، ئەگەر بیانەوێت بە دوو تەنکەر بەنزین کێشەی بەنزین چارەسەر بکەن و بە دوو تەنکەر ئاو کێشەی بێ ئاوی چارەسەر بکەن، بە هەموو هێزی خۆیان ناتوانن جێگرەوە بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بدۆزنەوە، هێزێك ئەرکی پاراستنی هەرێم بێت، چۆن موزایەدەی بەسەرەوە دەکرێت، جێگرەوەی ئەم هێزە چییە تا موزایەدەی بەسەرەوە بکرێت!".