شارەزایەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست: پێویستە ئه‌مه‌ریكا ژمارەی هێزەکانی لە عێراق زیاد بکات

"پەیوەندی ئه‌مه‌ریكا و عێراق کلیلی سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە"
ژمارەیەک سەربازی عێراق - ئەرشیف
ژمارەیەک سەربازی عێراق - ئەرشیف

K24 – هه‌ولێر

شارەزایەکی كاروباری سیاسی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست رایگه‌یاند، ئەفغانستان ئامادەی کشانەوەی هێزەکانی ئه‌مه‌ریكا  نەبوو. ئێستاش، کەمینەکانی ئەو وڵاتە رووبەڕووی مەترسی تیرۆر بوونەتەوە و ئەفغانیەکان بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن. ئێستا عێراق رووبەڕووی دۆخێکی لەو جۆرە دەبێتەوە و ئامادەی کشانەوەی هێزەکانی ئه‌مه‌ریكا نییە و ئەگەر  کشانەوەکە رووبدات، کارەساتێکی دیكه‌ی به‌دوادا دێت.

لە وتارێکی لە وێبسایتی "INTERNATIONAL POLICY DIGEST"، ئەدێل کارتەر، رۆژهەڵاتناس شارەزای ئاسایشی نێودەوڵەتی لە زانکۆی جۆرج واشنتن نووسیویەتی: "بە کشناوەی ئه‌مه‌ریكا  لە عێراق لە کۆتایی ساڵی 2021، عێراق رووبەڕووی فشار و هەڕەشە بەردەوامەکانی ئێران و گرووپە توندڕەوەکان دەبێتەوە".

ئەو رۆژهەڵاتناسە ئاماژەی بەوەشداوە: "پەیوەندی ئه‌مه‌ریكا و عێراق کلیلی سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئه‌مه‌ریكا لە شەڕی دژی داعش یارمەتی عێراقی داوە و هاوکاری دیپلۆماسی و ئابووری و سیاسیشی کردووە له‌ پێناو سه‌قامگیری عێراق. کشانەوەی ئه‌مه‌ریكا عێراق زیاتر دەخاتە به‌رده‌م هێرشی توندڕەوانەی چەکدارانی حەشدی شەعبی و میلیشیا شیعەکانی عێراق، کە لەلایەن ئێرانەوە کۆمەکی دەکرێن و هان ده‌درێن حکومەت لاواز بکەن، ئێرانیش کاریگەری و هەژموونی سەربازی خۆی لە سەرانسەری عێراقدا زیاد دەکات".

باسی لەوەشکردووە، کە گرووپە توندڕەوەکان و چەکدارانی حەشدی شەعبی بەرپرسانی حکومەتی عێراق و هاووڵاتییان دەکەنە ئامانج، بۆیە بە زیاد کردنی ژمارەی سەربازانی ئه‌مه‌ریكا  کە لەعێراق جێگیرکراون بۆ 3500 کەس تا کۆتایی ساڵی 2022 هەڕەشەی ئەمنی کەم دەبێتەوە و دەتوانن یارمەتی هێزە عێراقییەکان بدەن لە پاراستنی سەقامگیریی لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا.

ئەوەشی خستووەتەڕوو: "سوپای عێراق لەو کاتەوەی دەستی بە شەڕی دژی داعش کردووە لاواز بووە، لە ئێستادا بە تەنیا توانای رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی ناوخۆیی و دەرەکی نییە، سەرەڕای ئەوەی عێراق ناتوانێت و نابێت، بەردەوام پشت بە ئه‌مه‌ریكا  ببەستێت بۆ یارمەتیدان لەبنیاتنانەوە و سەقامگیریی وڵاتەکەیدا، بەڵام بە یارمەتی ئه‌مه‌ریكا دەتوانێت زووتر سوپاکەی بۆ بەرگری ئامادە بکات و دواتریش ئه‌مه‌ریكا  بە متمانەیەکی تەواوەوە دەتوانێت سەربازەکانی بکشێنێتەوە، ئەگەریش ئه‌مه‌ریكا  بە تەواوی سەربازەکانی لە کۆتایی ساڵی 2021 بکشێنێتەوە، ئەوا سوپای عێراق دەکەوێت".

ئەو رۆژهەڵاتناسە نیگەرانی خۆشی دەربڕیوە، لەوەی ئەگەر گرووپە ناوخۆیی و دەرەکییەکان زیادبوونی ژمارەی سەربازە ئەمەریکییەکان کە لە عێراق جێگیرکراون بە دەستدرێژی یان بە مەترسی بۆ هەژموونی عێراق لێکبدەنەوە، رەنگە زیاتر هێرش بکەنە سەر هێزە سەربازییەکانی ئه‌مه‌ریكا  و عێراق.

لە کۆتایی وتارەکەیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، نابێت جیهان کارەساتێکی دیکەی وەک ئەفغانستان بەخۆیەوە ببینێت، پێویستە ئه‌مه‌ریكا  ژمارەی سەربازەکانی کە لە عێراق جێگیرکراون لە کۆتایی ساڵی 2022 بۆ 3500 ئەندام زیاد بکات. لەگەڵ زیادبوونی هێزی سەربازی ئه‌مه‌ریكا، هێزە عێراقییەکان تەکنەلۆژیای مۆدێرنیان لەبەردەست دەبێت، بۆ ئاشکراکردن و لابردنی هێرشە شاراوەکان، بە ئاشکراکردنی هێرشەکان پێش ئەوەی روو بدەن، ئه‌مه‌ریكا  لەوانەیە ژیانی چەندین عێراقی رزگار بکات.