مباپێ: بەداخەوە نەیانهێشت بڕۆم بەڵام من سوورم لەسەر ئەوەی ئەزموونێکی نوێ تاقیبکەمەوە

کیلیان مباپێ
کیلیان مباپێ

مباپێ هێشتا پێداگیری لەسەر بەجێهێشتنی پاریس سانجێرمان دەکات و دەڵێت 'هاوینی رابردوو کاتێک رێگایان پێنەدام لە یانەکە بڕۆم زۆر بێ هیوا بووم'.

کیلیان مباپێ هێرشبەری پاریس سانجێرمانی فەرەنسی لە دیمانەیەکی لەگەڵ تۆڕی پرایم ڤیدیۆ لەبارەی رووداوەکانی دوایین ساتەکانی بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان دەڵێت 'بەداخەوە رێگایان نەدا ریزەکانی پاریس سانجێرمان بەجێبهێڵم، من داوام کرد لە یانەکە بڕۆم بەڵام داواکەیان قبووڵ نەکردم، سەرەتا من زۆر بێ هیوابووم، بەڵام من ئێستا لە یانەیەک یاریی دەکەم کە دەیەوێت نازناوی چامپیۆنزلیگ بەدەست بهێنێت'.

هەروەها مباپێ لەبارەی داهاتووی خۆی دەشڵێت 'من پێشتر هەزار جار ئەم قسەیەم دووپات کردووەتەوە، من دەمەوێت ئەزموون و قۆناخێکی نوێ تاقی بکەمەوە، راستە من زمانێکی زۆر باشی ئیسپانی دەزانم، چونکە هەستم کرد ئەگەر من بمەوێت ببمە یاریزانێکی گەورە و دیاری جیهان پێویستم بەوەیە جگە لە زمانی فەرەنسی زمانی دیکەش بزانم'.

هاوینی رابردوو مباپێ زۆر نزیکبوو تا دوایین ساتەکان پەیوەندی بە ریزەکانی ریال مەدریدی ئیسپانییەوە بکات، تەنانەت یانە ئیسپانییەکە دوو ئۆفەری پێشکەش کرد، بەڵام یانە فەرەنسییەکە ئۆفەرەکانی رەتکردەوە و ئامادە نەبوو گفتوگۆ لەبارەی فرۆشتنی مباپێوە بکات، کە هاوینی داهاتوو ئەو هێرشبەرە فەرەنسییە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی دێت.