وەزارەتی پێشمەرگەوە: هەماهەنگی لەنێوان پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقدا هەیە

هێزێکی پێشمەرگەی کوردستان لە گوندی لهێبان جێگیر دەبێت
بەمەبەستی هەماهەنگی فەرماندەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە گوندی لهێبان کۆبوونەوە
بەمەبەستی هەماهەنگی فەرماندەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە گوندی لهێبان کۆبوونەوە

K24 – هەولێر

وەزارەتی پێشمەرگە راگەیەندراوێکی لەبارەی جێگیرکردنی پێشمەرگە لە گوندی لهێبان بڵاوکردەوە و رایگەیاند: هەماهەنگی لە نێوان پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عیراقدا هەیە.

لە راگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە هاتووە: "ئەمڕۆ 6/12/2021، هێزێکی پێشمەرگەی کوردستان بۆ پاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتییانی کورد گەیشتە گوندی لهێبان، دوای گەیشتن و چوونە ناوەوەی پێشمەرگە بۆ گوندەکە، کۆبوونەوەیەک لەنێوان فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و فەرماندەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی نینوی ئەنجامدراو بۆ ئەو مەبەستەش هەماهەنگی لە نێوان پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عیراقدا هەیە".

ئەمە لەکاتێکدایە شەوی 4/12/2021، چەکدارانی داعش پەلاماری گوندی لهێبانیان دا، رۆژی دواتریش دانیشتووانی ئەو گوندە ناچار بوون بەهۆی هەڕەشەکان گوندەکەیان جێبهێڵن، بەڵام ئەمڕۆ ژمارەیەک هێزی پێشمەرگە چووە ناو گوندەکە و خەڵکی گوندەکەش گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.