دوێنێ حەرەس قەومیەکان ئەمڕۆش داعش

Kurd24

لە پاش دروستبوونى دەوڵەتى عێراقی ساڵى (1921) کە لەسەرەتا دا مەلەکى بوو تا ساڵى (1958) کە ئەم سیستەمە لە رێگەى کودەتای سەربازى رووخاو بووە سیستەمى (کۆماری) بەردەوامبوونى کولتوورى تۆلەسەندنەوە و لەناوبردنى یەکترى و یەکترقبوڵنەکردن، ئەمەش سەرکردایەتى کوردستان شۆرشێکى سەرەتاسەرى دژى ئەم جۆرە عەقلیەتە بەرپاکرد بەناوى شۆرشى (ئەیلوول) ساڵى (1961) ، دواتر لەساڵى (1963) (قەومیەکان) دژى ئەم شۆرشە دەستیان کرد بە تیکدان و سووتانى گوندە کوردییەکانى ناوچەکانى (کەندیناوە و قەراج و سەرگەران و چەند ناوچەیەکى کەرکووک) ، بەجۆرێک تەنها لە (کەندیناوە) (40) گوندییان داگیرکرد و (300) کەسی دانیشتوانى ناوچەکەیان دەستگیرکرد و چەندین کەسیان شەهید کرد و لە نموونەى گوندەکانى ئەو کات بریتى بوون لە (خدرجیجە، لاوەر، حاجى شیخان، دارەخورما، لەهێبان، گوندەکانى ترى ناحیەى سەرگەران).

لە پاشان تەعریبیان کرد و خەڵکەکەیان دەربەدەر کرد، دواتر (25) گوندى ناوچەکەیان دابەشکرد بەسەر خێلە دواکەوتووەکانى (عەرەبی شەمەر)، کەواتە بەدرێژایی مێژووى دروستبوونى دەوڵەتى عیراقى دوژمنانى کورد هەر جارە بە بەرگێک و ئایدیا و ئـاوازێک دژایەتى خۆیان لەبەرامبەر کورد نیشانداوە.

لە پاش رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەر چى روویدا؟

له‌ پاش ڕووداوەکانی (16ی ئۆکتۆبەر) حکوومەتی عێراق و گرووپە شیعەکان ھەمان سیناریۆیان ھەیە، بەڵام بەکارەکتەر و شێوازی جیا لەناوچە دابڕێندراوەکان دووبارە دەکاتەوە، ئەویش لە دوایین زانیارییەکان سەرچاوە رووسیەکان باس لەھاتن و گواستنەوەی (سەدان چەکداری) داعش دەکەن لە سووریاوە بۆ ناو خاکی عێراق! ئەمە چۆن ھاتوون و کێ رێگای پێداون.

بۆیە لە گۆڕەپانی عێراقیش ڕۆژانە جموجۆڵی ئەم چەکدارانە بە ئاشکرا ده‌بینرێن لە ناوچە دابرێندراوەکان ھەندێ ناوچەی سوننە نشینەکان چالاکیەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن لە کردەی تیرۆرستی و دانانی بۆمب و رفاندنی ھاووڵاتییانی کورد.

بۆیە ئێستا داعش بیانوویه‌كی داگیركه‌رانه‌ بۆ وێرانكردنی ناوچه‌ دابرێندراوه‌كان له‌ پێش هاتنی (داعش)ساڵی (2014) خۆپیشاندان گشت شارە سوننییەکانی گرتەوە و حکوومەته‌ شیعەکەی عێراق بەسەرکردایەتی ئێران زانی جڵەوی حکومڕانی و کۆنترۆڵی ناوچەکانی لەدەست دەدا، بۆیە ھەڵسا بەیارییەک، کە خۆی لە ھێنانی چەکدارانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق و ھەروەھا چەند گرتووخانەیەکیشی شکاند، کە زۆربەی تیرۆرستانی تیدابوو و ئازادی کردن ئەمانەش پەیوەندییان بەم گرووپەوە کرد، کە لە کۆتاییەکەی کودەتای بەسەر (شۆڕشگێرە سوننەکان) کرد و شەڕی دژی کوردستان بەرپاکرد و لە دواتردا (ناوچە سوننە نشینەکان) وێران کرا و خەڵکەکەشی ئاوارەبوون و ژێرخانی ئابووری شارەکانیان گەیشتە خاڵی سفر و پێگەی سەربازی و سیاسیشیان لەدەستدا ھیچ کارتێکیان بەدەستەوە نەما، کە لە ئێستادا بوونەتە پاشکۆی لایەنە شیعەکان و خاوەن بریاری خۆیان نین.

ئەوەی تایبەتە بە ناوچە دابڕێندراوەکان بە گشتی و ناوچەکانی (خانەقین، خورماتوو، داقووق، کەرکووک، دووبز و مەخموور) بەتایبەتی، ئەم چەکدارانە جموجۆڵیان زیادی کردووە خۆیان رێكخستۆته‌وه‌، ئەمەش دەبێتە (بیانوو بۆ نەیارانی کورد) کە مەرام و ئەجیندای خۆیان جێبەجێ بکەن و کە ھەروەکو لە ناوچە سوننەکان کردییان و لە ئێستادا دەیان گوندنشینی ئەم ناوچانە شوێنی خۆیان جێھیشتووە، بۆ نموونە لە ناوچەی (مەخموور) چەندین گوندی کوردی چۆڵکران و لەبەرامبەردا لە تەنیشت ئەم گوندانە گوندنشینی عەرەبەکان ھیچ رووداوێک و دانانەوەی بۆمب و رفاندن و کردەی تیرۆرستی نییە ، به‌ڵكو وه‌رگرتنی باج و سه‌رانه‌ له‌هاولاتیانی كورد به‌رده‌وامه‌  .

لە نوێترین پێشهات رووداوەکانى ئەم دواییەى گوندەکانى بنارى چیارى قەرەچوغ هەریەک لە گوندەکانى (خدر جیجە، لەهێبان) هەروەکو چۆن دوێنى لەمێژوو (قەومیەکان) چییان کرد، لە ئێستا نەوەى ئەم قەومیانە لەژێر ناوى جیاجیا وەک (داعش) هەمان بەرنامە و سیاسەت بەرامبەر دانیشتوانى ئەم ناوچانە پەیڕەو دەکەن، کەواتە ئەوەى ئێستا دەگوزەرێ رەهەندێکى مێژوویی هەیە و ئێستا دووبارە دەێتەوە، کەواتە ئەوەی دەکرێت لەگوندە کوردییەکان ئەجێندای نەیاران و دوژمنانی کوردی لە پشتە جا ئه‌م بیانووه‌ و كارته‌ به‌ گه‌وره‌ترین مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاینده‌ و ژیرخانی ناوچه‌ دابرێندراوه‌كان داده‌نرێت.

پێویستە سەرکردایەتى کوردستان لە هەموو کات زیاتر پێویستى بەیەکڕێزى و یەک هەڵوێستى و یەک وتارى هەیە بەرامبەر ئەم ناوچانە، چونکە ئەوەى روودەدات بەرنامە بۆ دارێژراوە ئامانج لێی سڕینەوەى کوردستانى بوونى ئەم ناوچانەیە.