زانكۆی سلێمانی هۆشداری ده‌داته‌ خوێندكاران و مامۆستایان

ئاماده‌ی وانه‌ خوێندن بن
زانكۆی سلێمانی
زانكۆی سلێمانی

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌نجوومه‌نی زانكۆی سلێمانی هۆشداری دایه‌ مامۆستایان و خوێندكارانی زانكۆكه‌ و رایگه‌یاند، پێویسته‌ هه‌مووان پابه‌ند بن به‌ "وانەوتنەوە و تاقیكردنەوەكان لەكاتی دیاریكراو بەپێی خشتەی وانە و تاقیكردنەوەی كۆلێجەكان و رۆژمێری ساڵی خوێندنی (2020 - 2021) ده‌بێت.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "ئەنجوومەنی زانكۆی سلێمانی وێڕای پشتگیری داوا رەواكانی خوێندكاران بەڵێنیداوە، كە نوێنەری راستەقینەیان بێت بۆ داواكردن وبەدواداچوونی سەرجەم مافە رەواكانیان و تەنانەت رێگەش نەدرا لە رۆژانی رابردوو هیچ خوێندكارێكی زانكۆكەمان سزا بدرێت لەبەرامبەر داواكردنی مافە رەواكانی".

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "ئه‌نجوومه‌نی زانكۆی سلێمانی هەموو لایەك ئاگادار دەكاتەوە.. پێویستە سەرجەم كۆلێج و بەش و مامۆستایانی زانكۆكەمان پابەندبن بە وانەوتنەوە و تاقیكردنەوەكان لەكاتی دیاریكراو بەپێی خشتەی وانە و تاقیكردنەوەی كۆلێجەكان و رۆژمێری ساڵی خوێندنی (2020 - 2021) ".

له‌ كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌شدا هاتووه‌: "داواكارین لە خوێندكارانی ئازیزی زانكۆكەمان پابەندبوونی تەواویان هەبێت لە پێناو دوانەكەوتنی ساڵی خوێندن و زەرەرمەند نەبوونی خوێندكاران و زانكۆكەمان و ئاسایی بوونەوەی پڕۆسەی خوێندن بەشێوەیەكی سەركەوتووانە".