ئێران فەرەنسا بە تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە تۆمەتبار دەکات

"نابێت رۆڵی فەرەنسا لە تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە فەرامۆش بکرێت"
ئێران فەرەنسا بە تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە تۆمەتبار دەکات
ئێران فەرەنسا بە تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە تۆمەتبار دەکات

K24 – هه‌ولێر:

دوای ئەوەی پاریس گرێبەستێکی چەند ملیار یۆرۆیی لەگەڵ ئیمارات واژۆ کرد، کە فرۆشتنی 80 فڕۆکەی جەنگی رافالی لەخۆ دەگرت، ئێران  فەڕەنسای بە "تێکدانی سەقامگیری" ناوچەکە تۆمەتبار کرد.

بە گوێرەی هەواڵێکی وێبسایتی ئەی ئێف پی، سعید خەتیب زادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە میدیاکانی راگەیاندووە، نابێت رۆڵی فەرەنسا لە تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە فەرامۆش بکرێت.

حکومەتی ئیمارات رۆژی هەینی ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنسا واژۆ کرد بۆ کڕینی 80 فڕۆکەی جەنگی رافالی بە بڕی 14 ملیار یۆرۆ.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی " بە سەربازگە کردنی ناوچەکەمان جێی قبوڵ کردن نییە و ئەو چەکانەی کە فەڕەنسییەکان دەیفرۆشن، بنچینەی ئەو نائارامیانەن کە ئێمە دەیبینین".

خەتیب زادە گوتیشی " ئێمە شاهێدی فرۆشتنی دەیان ملیار دۆلار چەک بە وڵاتانی عەرەبی کەنداوین لە کاتێکدا کۆبوونەوەی چڕ لەسەر مووشەکەکانمان دەکرێت."

لەلایەکی ترەوە خەتیب زادە داواکەی فەرەنسای رەتکردەوە کە وڵاتانی ناوچەکە "بەشداری بکەن" بۆ "بەرەو پێشەوەچوون" لە وتووێژەکانی تایبەت بە بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران.

سەرۆکی فەرەنساش باسی لەوەکرد ناتوانن بابەتی بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران بەبێ چارەسەرکردنی گرفتی ناوچەکە چارەسەر بکەن، لە هەمانکاتدا بەبێ بەشداریپێکردنی دۆستەکانیان لە ناوچەکە ناتوانن بەرەوپێشچوون بەخۆیانەوە ببینن.

H.H