پەرلەمانی کوردستان پەلامارەکانی داعش بۆ سەر پێشمەرگە تاوتوێ دەکات

شاندێکی حکومەت ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبێت
کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان - 1/12/2021
کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان - 1/12/2021

K24 – هەولێر

بە ئامادەبوونی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان پەلامارەکانی داعش بۆ سەر پێشمەرگە تاوتوێ دەکرێت.

بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە و بە گوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەکەش بەدواداچوون و راسپاردەی هەردوو لیژنەی كاروباری پێشمەرگە و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، سەبارەت بە هێرشەكانی داعش بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە دەخرێتەڕوو.

هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 لە تەلاری پەرلەمان رایگەیاند: "وەرزیری پێشمەرگە و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان بە وەکالەت، ئامادەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان دەبن، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەلامارەکانی داعش بۆ سەر هێزی پێشمەرگە و ناوچە کوردستانییەکان دەکرێت، باسیش لە پێداویستییەکان بۆ هێزی پێشمەرگە دەکەن".

هەروەها لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان بەدواداچوونی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری سەبارەت بە داهاتەكانی هەرێمی كوردستان دەخرێتەڕوو و خوێندنەوەی دووەمیش بۆ دوو پڕۆژەیاسا دەکرێت.

هەر ئەمڕۆ لە پەرلەمانی کوردستان لە یادی 10 ساڵەی کۆچی دوایی دانیال میتران، پێشانگایەکی فۆتۆگرافی بۆ فۆتۆکانی دانیال میتران، دۆستی گەلی کورد دەکرێتەوە.

جیلبەرت میتران، کوڕی دانیال میتران بە سەردانێک لە کوردستانە و ئەمڕۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکات و بڕیارە وتارێکیش پێشکەش بکات.