سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری كۆمپانیایه‌ك به یه‌كجار 900 كارمه‌ند ده‌رده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری كۆمپانیایه‌كی كڕین و فرۆستنی خانوبه‌ره له ئه‌مه‌ریكا له بڕیارێكی له‌ناكاو به‌یه‌كجار ده‌ستبه‌رداری 900 كارمه‌ندی خۆی ده‌بێت و له‌كاره‌كانیان دووریان ده‌خاته‌وه.
بڕیاره‌كه‌ی "فیشاڵ گارگ"، سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری كۆمپانیانی "Better.com" رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی زۆر بووه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی 15%ی كارمه‌ندی كۆمپانیاكه‌ی بێكاركرد، له‌كاتێكدا له‌و وڵاته جه‌ژنی سه‌ری ساڵ و پشووی سه‌ری ساڵ نزیك ده‌بێته‌وه و كارمه‌نده‌كان خۆیان بۆی ئاماده‌ده‌كرد.
گرته ڤیدیۆییه‌ك له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه، كه "گارگ" له په‌یوه‌ندییه‌كی ڤیدیۆیی له رێگه‌ی به‌رنامه‌ی "زووم"ـه‌وه قسه بۆ كارمه‌نده‌كانی ده‌كات و ده‌ڵێت: "هه‌واڵێكی ناخۆش بۆ ئێوه هه‌یه، ئێستا بازاڕ گۆڕانگاری به‌سه‌رداهاتووه، پێویسته له‌گه‌ڵ بازاڕ بڕۆین، بۆ ئه‌وه‌ی بمێنینه‌وه، ئێوه ناتانه‌وێت گوێبیستی ئه‌و هه‌واڵه بن، به‌ڵام له كۆتاییدا ئه‌وه بڕیاری من و ده‌مه‌وێت له خۆمه‌وه بیبیستن".
گوتیشی: "ئه‌گه‌ر تۆ یه‌كێكی له‌و كه‌سانه‌ی به‌شداری ئه‌و په‌یوه‌ندییه به‌كۆمه‌ڵه‌ت كردووه، ئه‌وا تۆ یه‌كێكی له‌و گرووپه بێ چانسه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌ستبه‌ردارت ده‌بین، له ئێستاوه كۆتایی به‌و كاره‌ت هات".
سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری كۆمپانیاكه ئاماژه‌ی به‌وه كرد، بڕیاره‌كه په‌یوه‌ندی به بازاڕ و به‌رهه‌م و هه‌ڵسوكه‌وتی كارمه‌ندانه‌وه هه‌یه، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، "ئه‌وه دووه‌م جاره ئه‌و بڕیاره ده‌ده‌م، نامه‌وێت ئه‌و بڕیاره بده‌م، پێشتر ئه‌و بڕیاره‌م دا، گریام، به‌ڵام ئه‌مجاره به‌هێزم".
له گرته ڤیدیۆییه‌كه‌دا ده‌ركه‌وتووه، كارمه‌ندێكی ئافره‌ت له په‌یوه‌ندییه‌كه‌دا ده‌ڵێت "ئه‌ی خوایه، ئه‌مه بڕوا ناكرێت، ئه‌وه راستی نییه، نابێت ئه‌وه رووبدات".
گۆڤاری "فۆربس" بڵایكرده‌وه، سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری كۆمپانیانی "Better.com" كارمه‌نده‌كانی به‌وه تۆمه‌تباركردووه، كه به‌رهه‌میان نییه و لاوازن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رۆژانه ته‌نیا 2 كاتژمێر كارده‌كه‌ن.
گۆڤاره‌مه په‌یامێكی كۆنی ئه‌و پیاوه‌ی بڵاوكرده‌وه‌ته‌وه، كه بۆ كارمه‌ندێكی ناردووه و ده‌ڵێت: "ئێوه گرووپێكی له‌سه‌رخۆن، ئێوه له گرووپێكی دۆلفینی گێڵ ده‌چن، بۆیه ده‌بێت بوه‌ستن، ئێوه بوونه‌ته هۆی شه‌رمه‌زاربوونم".