"سەدا 40ی فەرمانبەرانی حکومەتی عێراق بەرهەمیان نییە"

وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق له‌ رێگه‌ی سەکۆیه‌كی ئەلیکترۆنییه‌وه‌ ناوی فه‌رمانبه‌ران تۆمار ده‌كات
فه‌رمانبه‌رانی حكومی.. ئه‌رشیڤ
فه‌رمانبه‌رانی حكومی.. ئه‌رشیڤ

K24 - هه‌ولێر:

یەکێك لە کێشە گەورەکانی عێراق بەدەستییەوە دەناڵێنێت، بێکاری رووپۆشکراوە، کە فەرمانبەر دامەزرێندراوە و مووچە وەردەگرێت، بەڵام هیچ بەرهەمێکی ئەوتۆی نییە. بە گوێرەی دوایین خەمڵاندنەکان، بێکاری رووپۆشکراو لە فەرمانبەرانی سەر بەدەوڵەت گەیشتووەتە سەدا 40، کە مانگانە مووچەیەکی باش وەردەگرن و بوونەتە بارگرانی لەسەر بودجەی گشتی.

لە راپۆرتێکدا هاتووە، گەندەڵی و پشک پشکێنەی حیزبی، باڵی بەسەر کاروباری دەوڵەتدا کێشاوە، ئەوەش وایکردووە لەسەر بەرژەوەندی حیزبی خەڵک دابمەزرێت. چاودێرانیش دەڵێن چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە لەو دۆخەدا مەحاڵە، تا گەندەڵی و گەندەڵکاران ریشەکێش نەکرێن، ناتوانرێت کێشەی ئەو جۆرە بێکارییە چارەسەر بکرێت.

بەرپرسێکی حکومی له‌ عێراق کە ناوی خۆی ئاشکرا نەکردووە، راگەیاند، ئێستا وەزارەتی پلانداندان سەرقاڵی رێکخستنی تۆماری فەرمانبەرانی سەر بەدەوڵەتە، کە زیاتر لە سەدا 40ـی فەرمانبەران دەکەونە خانەی بێکاری رووپۆشکراو، بە واتایەکی دیکە هیچ بەرهەمهێکیان نییە و تەنیا ناونیشان و پلەی وەزیفیان پێ بەخشراوە و مووچە وەردەگرن.

ئەو بەرپرسە روونی دەکاتەوە، بە درێژایی کابینە یەک بە دوای یەکەکان، وەزارەتی پلاندنانی عێراق داتایەکی ئەوتۆی لەبارەی ژمارەی فەرمانبەران نەبووە، هەروەها بە وردیش نازانێت ئەرک و بەرهەمی ئەو فەرمانبەرانە چییە کە پێیان راسپێردراوە، ئەوەش بووەتە دەرفەتێک بۆ ئەو فەرمانبەرانەی کە کار ناکەن.

وەزارەتی پلاندانان ماوەیەکە سەرقاڵی رێکخستنی داتای فەرمانبەرانە و دەیەوێت لەسەر سەکۆیەکی ئەلیکترۆنی تۆماریان بکات. لەو بارەیەوە "عەبدولزەهرە هینداوی"، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە دوایین لێدوانیدا رایگەیاند، لیژنەی تایبەت بە وەزارەت بەردەوامن لە ئەرکەکانیان بۆ رێکخستنی ئەو سەکۆ ئەلیکترۆنییە، تاوەکو لە رێگەیەوە سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەت تۆمار بکرێن.

روونیشی کردووەتەوە، ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی لە سەکۆکە تۆمارکراون گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 955 هەزار کەس.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی کە هیچ بەرهەمهێکیان نییە، بوونەتە لەمپەڕ بۆ دانەمەزراندنی خاوەن بڕوانامە و کەسانی لێهاتوو لە دامەزراوەکانی حکومەت، کە ساڵانە 25 هەزار گەنج لە زانکۆکان بڕوانامە بەدەستدەهێنن، و بەهۆی دیاردەی بێکاری رووپۆشکراو لە دامەزراندن بێبەش دەبن.