كاروانێكی دیكه‌ی كۆچبه‌ران گه‌یشته‌وه هه‌ولێر
K24- هه‌ولێر:
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ كاروانێكی دیكه‌ی كۆچبه‌ران كه له وڵاتی بێلاڕووس گیریان خواردبوو، له رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێره‌وه گه‌یشتنه‌وه هه‌رێمی كوردستان.
دوای گه‌یشتنیان بۆ فڕۆكه‌خانه، كه ژماره‌یان 417 كۆچبه‌ر بوو، ژماره‌یه‌كیان نه‌هامه‌تی و ده‌رده‌سه‌رییه‌كانیان له سه‌ر سنووری نێوان وڵاتی بێلاڕووس و پۆڵه‌ندایان بۆ كوردستان24 باسكرد.
یه‌كێك له‌و كۆچبه‌رانه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه، به‌ناوی محه‌مه‌د، بۆ كوردستان24 گوتی: "ماوه‌ی 40 رۆژی پێویست بوو تا له هه‌ولێره‌وه گه‌یشتمه وڵاتی بێلاڕووس".
سه‌باره‌ت به دۆخی كۆچبه‌ران له وڵاتی بێلاڕووس، ئه‌و كۆچبه‌ره گه‌ڕاوه‌یه گوتی: "دۆخه‌كه زۆر ناخۆش بوو.. هیچ پێداویستییه‌كمان نه‌بوو.. ماوه‌ی نزیكه‌ی 5 رۆژ بوو هیچم خواردبوو ته‌نها ئاوم خواردووه‌ته‌وه.. سه‌ره‌تا ئاویش نه‌بوو، به‌ڵام دواتر ئاومان پێگه‌یشت".
هه‌وره‌ها گوتی: "وڵاتی پۆڵه‌نداش رێگه‌ی په‌ڕینه‌وه‌ی به ئێمه نه‌ده‌دا.. ئاویان به ئێمه‌دا ده‌كرد.. به‌ردبارانیان ده‌كردین.. گازی فرمێسكڕێژیان به‌رامبه‌ر ئێمه به‌كارده‌هێنا".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ش كه ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی پێشتر گه‌ڕاونه‌ته‌وه گوتوویانه: "ئێمه‌یان به ئامێری كاره‌با ئه‌شكه‌نجه ده‌دا"، ئه‌و كۆچبه‌ره گوتی: "ئه‌وه‌ی گوتراوه زۆر راسته، نه‌ك ته‌نها ئامێری كاره‌بایی، هه‌موو رێگه‌یه‌كیان بۆ ئه‌شكه‌نجه‌دانی ئێمه به‌كارده‌هێنا. ئه‌وه‌ی ئه‌وان به‌رامبه‌ر به كۆچبه‌ران ده‌كرد، هیچ كه‌سێك به‌رامبه‌ر به دوژمنی خۆی ناكات".
كۆچبه‌رێكی دیكه‌ی گه‌ڕاوه به‌ناوی شاڵاو، كه ماوه‌ی زیاتر له مانگێك بوو گه‌یشتبووه وڵاتی بێلاڕووس، بۆ كوردستان24 گوتی: "وڵاتی بێلاڕووس نان و خۆراكیان به كه‌سانی سه‌ڵت و گه‌نج نه‌ده‌دا، ته‌نها به خێزانه‌كانیان ده‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نجه‌كان هێرشی سه‌ر سنووری پۆڵه‌ندا بكه‌ن، ئێمه له نه‌هامه‌تی و ده‌رده‌سه‌رییه‌كی زۆردا بووین".
هه‌روه‌ها ئاشكرایكرد، "به‌چاوی خۆمم بینی كاتێك پۆلیسی بێلاڕووس له نیوه‌شه‌ودا خه‌ڵكیان ئه‌شكه‌نجه ده‌دا.. بینیم كاتێك هێرشیان كرده سه‌ر خێزانێكی دوو كه‌سی و به مست له‌ناو ده‌می پیاوه‌كه‌یان ده‌دا".
چه‌ند كۆچبه‌رێكی دیكه‌ش باسیان له‌و ناخۆشییانه كرد، كه له سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵه‌ندا به‌چاوی خۆیان بینی و یه‌كێك گوتی: خه‌ڵك له سه‌رمان و برسان ده‌مردن، ته‌رم له پێشمان ده‌كه‌وت كه‌س به‌لایه‌وه نه‌ده‌چوو، یه‌كێكی دیكه ده‌ڵێت: بێلاڕووس و پۆڵه‌ندا له‌سه‌ر سنوور ئه‌وبه‌ر ئه‌وبه‌ریان پێ ده‌كردین، یه‌كێكی دیكه‌ش ئاشكرایكرد، ئێمه‌یان به مه‌به‌ست ده‌گواسته‌وه ئه‌و شوێنانه‌ی له‌ژێر هه‌ژموونی مافیاكان بوون، پۆلیس و مافیا به‌زۆر پاره‌یان له‌خه‌ڵك وه‌رده‌گرت.
H.B