ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە

رێکخستنی مامەڵەی میدیاكان لەگەڵ دۆخی ئێستای بەرەکانی جەنگ دژ بە رێکخراوی داعش له‌گه‌ڵ چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ تاووتوێ ده‌كرێن
كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.. ئه‌رشیڤ
كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.. ئه‌رشیڤ

K24 - هه‌ولێر:

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئەمڕۆ چوارشەممە (8ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2021) ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، ئەنجام دەدات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:

- خستنەڕووی راپۆرتی هەفتانەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە سەبارەت بە هێرشەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

- بابەتی رێکخستنی مامەڵەی میدیا و سۆشیال میدیا لەگەڵ دۆخی ئێستای بەرەکانی جەنگ دژ بە رێکخراوی داعش و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان.

- خستنەڕووی رەشنووسی پڕۆژەیاسای (پەروەردە و فێرکاری لە هەرێمی کوردستان - عێراق) بۆ دەنگدان لە ئەنجومەنی وەزیران.

- خستنەڕووی پڕۆژەیاسای (هەمواری یەکەمی یاسای وەزارەتی کارەبا ژمارە 6ی ساڵی 2021).

- خستنەڕووی راپۆرتێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو سەبارەت بە بابەتی وشکەساڵی لە هەرێمی کوردستان.