دەمیرتاش نھێنییەكی سەردانەكەی بۆ قەندیل ئاشكرا دەكات

بۆ یەكەمجار ئەو بەسەرھاتە دەگێڕێتەوە

K24 - ھەولێر

سەڵاحەدین دەمیرتاش، بۆ یەكەمجار ئاشكرای دەكات، ئەو كاتەی چووەتە قەندیل، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ھەوڵیانداوە لەرێی بۆردوومانەوە بیپێكن و جەختیش لەوە دەكاتەوە ئەردۆغان نایەوێت پرسی كورد چارەسەر بكات.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆكی پارتی گەلانی دیموکرات (ھەدەپە) لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، لە كۆتایی ساڵی 2015 بە ئاگاداری بەرپرسانی توركیا سەردانی قەندیلی كردووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی پەكەكە كۆببێتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی ئەو كۆبوونەوەیە نەكرێت، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ئەو خانووەیان بۆردوومان كردووە، كە بڕیاربوو كۆبوونەوەكەی تیادا بكرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كۆبوونەوەكەی كردووە.

دەمیرتاش گوتیشی: دوای گەڕانەوەی لە قەندیل، ھەرچەندە ھەوڵیشیاندا بێت شەڕ كۆتایی بێت و ئاشتی بێتە ئاراوە، بەڵام دەوڵەت ھەر رووبەڕووی ھەدەپە بووەتەوەو دۆسیەی لە دژ كردووەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو كاتەی ئەردۆغان بینی دەنگەكانی ھەدەپە لە بەرزبوونەوەدان، ھەر ئەو دەمە كۆتایی بە پرۆسەی ئاشتی ھێنا.