به‌هۆی ئاوازێكی كوردییه‌وه یوتیوب چه‌ندین گۆرانی عه‌ره‌بی سڕییه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
ماڵپه‌ڕی "ئه‌ی ئای ڤی ئای" بڵاویكرده‌وه، گۆرانی ده‌یان گۆرانبێژی عه‌ره‌ب له پێگه‌ی یوتیوب به ته‌واوه‌تی سڕانه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی ئاشكرا بووه، كه ئاوازه‌كه‌ی دزراوه و له گۆرانییه‌كی كوردی ساڵانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردووه وه‌رگیراوه.
"ئه‌ی ئای ڤی ئای" ئاماژه‌ی به‌وه كرد، گۆرانی "طيبة قلبي مشكلتي"، كه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به زمانی عه‌ره‌بی زۆر بڵاوه، ژماره‌یه‌ك گۆرانیبێژی عه‌ره‌ب ئه‌و گۆرانییه‌یان دووباره‌كردووه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت به زمانی ئه‌رمه‌نی و توركی و ئه‌ڵمانیش ئاوازه‌كه‌ی به‌كارهاتووه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌و گۆرانییه له یوتیوب به ملیۆنان بینه‌ری هه‌بووه، كه چه‌ندین گۆرانیبێژی عه‌ره‌ب دووباره‌یان كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام به ته‌واوه‌تی له یوتیوب سڕاوه‌ته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و گۆرانبێژانه پێشلكاری یاسای موڵكدارییان كردووه.
گۆرانییه‌كه له‌لایه‌ن لوئه‌ی موهریج و بیستان ئیسماعیل و چه‌ند گۆرانبێژیكی دیكه‌ش به زمانی عه‌ره‌بی گوتراونه‌ته‌وه، له ساڵی 2019ـه‌ش له‌لایه‌ن گۆرابێژی عێراقی "حوسێن غه‌ریب" دووباره كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به‌وه بكه‌ن، كه ئاوازه‌كه هی كێیه.
گۆرانییه‌كه له بنه‌ڕه‌تدا هی هونه‌رمه‌ندی كورد "شڤان په‌روه‌ر"ـه، كه له ساڵی 1976 گۆرانییه‌كه‌ی به ناوی "هه‌ڤالی بارگرانم" بڵاوكردووه‌ته‌وه، بۆیه یوتیوب ته‌واوی ئه‌و گۆرانییه ئه‌رمه‌نی و عه‌ره‌بییانه‌ی سڕییه‌وه، كه ده‌یان ملیۆن بینه‌ری هه‌بووه.
سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه كرد، سڕینه‌وه‌كه ته‌واوی ئه‌و گۆرانییه‌یان گرتووه‌ته‌وه، كه گۆرانبێژه‌كان له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆیان بڵاویانكردووه‌ته‌وه و ئاوازه كوردییه‌كه‌یان به‌كارهێناوه، به‌ڵام هێشتا هه‌ندێك گۆرانی عه‌ره‌بی له یوتیوب ماون، كه ئه‌و ئاوازه‌ی تێدا به‌كارهاتووه.