ماته‌مینی قادر شێخانی به‌ڕێوه‌چوو

40 رۆژ لەمەوبەر کۆچی دوایی کرد و ئەمڕۆ رێورەسمی ماتەمینی لە سۆران بەڕێوەچوو.
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

یەکێک لە فەرماندە دیار و ناسراوەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان 40 رۆژ لەمەوبەر کۆچی دوایی کرد و ئەمڕۆ رێورەسمی ماتەمینی لە سۆران بەڕێوەچوو.

فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگورد لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەرهەم عەریف یاسین، بە کوردستان24 ی راگەیاند لە چلەمین رۆژی کۆچی دوایی عەمید قادر شێخانی، ئەندامی فەرماندەی هەڵگورد، لەگەڵ هاوڕێ و خزم و خه‌ڵکی ئەم سنوورە کۆبووینەتەوە، بۆئەوەی جارێکی دی هاوخەمی خۆمان دەرببڕین بۆ لەدەستدانی ئەم فەرماندەیە، رێزبگرین لە خەبات و قوربانیدان و ماندووبونی ئەم کەڵە پیاوە.

لە باسی فەرماندە قادر شێخانی، بەرهەم عەریف یاسین گوتی: "فەرماندەیه‌کی بوێر و ئازای فەرماندەی هەڵگورد بووە و جێ دەستی لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش دیارە، هەمووکات لە ئەرکە سەختەکاندا ئامادە بوو، پێگە و رۆڵی کۆمەڵایەتی فەرماندە قادر شێخانی لە ناوچەکە بە روونی دیارە، لەدەستدانی فەرماندە قادر شێخانی خەسارەتێکی گەورەیە بۆ فەرماندەی هەڵگورد و تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە."