چۆنێتی پاراستنی منداڵان لە نەخۆشی هەوکردنی سنگ
K24 – ههولێر:
له سهرهتای پایزهوه و لەگەڵ هاتنی سەرمادا نەخۆشی هەوکردنی سنگ له ناو منداڵانی خوار تهمهن 10 ساڵدا بهربڵاو دهبێت و له نهخۆشخانهكانی تایبهت به منداڵان ژمارهیهكی زۆر منداڵ دهخهوێندرێن و شارهزایانیش ئاماژه به مهترسییهكانی بڵاوبوونهوهی ئهو پهتایه دهدهن و رێنمایی تهندروستی دهدهنه باوان بۆ پاراستنی منداڵهكانیان.
دکتۆر مەحمود محەمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی راپەڕینی فێرکاری منداڵان له ههولێر و پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان لە بەرنامەی بەیانی24 لەبارەی زیادبوونی نەخۆشی هەوکردنی سنگی منداڵان گوتی: نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و هەموو ساڵێک لە سەرەتای دەستپێکی وەرزی سهرمادا زیاد دەبێت، لەبەرئەوەی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ بەرگری لەشیان لاوازە زیاتر ئەگەری توشبوونیان هەیە.
ئەو پزیشکە باسی لەوەشکرد کە بەهۆی کرانەوەی قوتابخانە و باخچە و دایەنگەکان، رێژەی توشبوون لە منداڵاندا زیادی کردووە.
دکتۆر مەحمود محەمەد بەمجۆرە باسی لە نیشانەکانی نەخۆشییەکە کرد:
- رۆژانی سەرەتا هەڵامەت یان کۆکەیەکی کەمی دەبێت.
- هەڵامەت و لوتگیران و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی.
- پاش چەند رۆژێک لە هەڵامەت، منداڵەکە کەمتر خواردن و شیر دەخوات و دەخواتەوە.
- هەناسەتوندی و خێرابوونی هەناسەدان.
- منداڵەکە ماندوو و شپرزە دەردەکەوێت.
ئەو پزیشکە گوتیشی: دەکرێت لە قۆنەغەکانی سەرەتای پەتاکەدا نەخۆشیەکە کۆنترۆڵ بکرێت پێش ئەوەی بگاتە هەناسەتوندی، بەڵام کە گەیشتە هەناسەتوندی دەبێت لە نەخۆشخانە بخەوێنرێت و ئۆکسجین و چارهسهر وەربگرێت.
لەبارەی خۆپاراستن لە نەخۆشییەکە، دکتۆر مەحموود محەمەد ئاماژهی بە چەند رێکارێکی خۆپارێزی کرد، کە دەبێت دایکان و باوکان ئاگاداری بن، ئەوانیش:
- لەکاتی نەخۆشکەوتنی منداڵێک دەبێت لە ئەندامانی دیكهی خێزان جیابکرێتەوە.
- پاک و خاوێنی راگرن بەتایبەتی لەکاتی پژمین و کۆکە.
- پێش ئەوەی بە قورسی نەخۆشییەکە بگرێت، سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات و چارەسەر وەربگرێت.
- پاراستنی پلهی گهرمی مامناوهندی ماڵ.
- لەکاتی چوونەدەرەوەدا جلی گەرم بۆ منداڵ لەبەر بکرێت تا سەرمای نەبێت.
سەبارەت بە پێدانی حەب و دەرمان لەلایەن دایک و باوکانەوە بە منداڵەکانیان بەبێ راوێژکردن بە پزیشکی پسپۆڕ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی راپەڕینی فێرکاری گوتی: ئەگەر کەمێک کۆکە یان هەڵامەت یان تایەکی هەبێت، دەکرێت دەرمانی تا یان هەڵامەت و کۆکە بە منداڵ بدرێت، بەڵام کاتێک گەیشتە بارێکی نائاسایی باشترە پزیشکی پسپۆڕ بیبینێت و ئەو چارەسەرەکەی دەستنیشان بکات.