زیدان ئیقبال.. ئەو یاریزانە عێراقییەی لە چامپیۆنزلیگ مێژووی نووسییەوە

زیدان ئیقبال
زیدان ئیقبال

زیدان ئیقبال بووە یەکەم یاریزانی عێراقی لە مێژووی مانچێستەر یونایتد درێسی یانەکە بپۆشێت و بووە دووەم یاریزانی عێراقی لە مێژوودا بەشداریی یارییەکانی چامپیۆنزلیگ بکات.

زیدان ئیقبال لە بەریتانیا لە دایکێکی عێراقی و باوکێکی پاکستانی لەدایکبووە

زیدان ئیقباڵ رۆژی 27ـی ئەپرێلی 2003 لە شاری مانچێستەر لە باوکێکی پاکستانی و دایکێکی عێراقی لەدایکبووە، زیدانی 18 ساڵان لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە لە ئەکادیمیای مانچێستەر یونایتد دەستی بە یاریکردن کردووە و تا ئێستا لە ریزی یانە ئینگلیزییەکە یاریی دەکات، ئێستا لە تیپی دووەمی مان یونایتد یاریی دەکات و بانگهێشتی تیپی خوار 23 ساڵانی هەڵبژاردەی عێراق کراوە.

زیدان ئیقبال لە ریزی هەڵبژاردەی ئۆڵمپی عێراق بەشداریی سێ یاریی کردووە و گۆڵێکی تۆمارکردووە، مانگی رابردوو بانگهێشتی پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا بۆ یاریزانانی خوار 23 ساڵان کرا و شێرەکانی رافیدەینی گەیاندە قۆناخی پێش کۆتایی.

ئەو یاریزانە 18 ساڵانە دەتوانێت لە داهاتوو یاریی بۆ هەڵبژاردەکانی پاکستان و ئینگلتەرا و عێراق بکات، بەڵام تا ئێستا هەڵبژاردەی عێراقی هەڵبژاردووە و بانگهێشتی جامی عەرەبیش کرا، بەڵام بەهۆی یارییەکانی یانەکەی نەیتوانی بەشداریی بکات.

زیدان ئیقبال بووە دووەم یاریزانی عێراقی بەشداریی چامپیۆنزلیگ بکات

لە دوایین گەڕی قۆناخی کۆمەڵەکانی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ راڵف راننیک بانگهێشتی زیدان ئیقبالی کرد بۆ ئەوەی لە یاریی بەرامبەر یەنگ بۆیز یاریی بکات، لە خولەکی 88 ئەو یاریزانە لاوە هاتە شوێنی خیسێ لینگارد و بووە یەکەم یاریزانی عێراقی لە مێژوودا درێسی مان یونایتد بپۆشێت.

کوڕە عێراقییەکە بووە دووەم یاریزانی عێراقی لە مێژوودا بەشداریی چامپیۆنزلیگ بکات، پێشتر هاوار مەلا محەمەد ساڵی 2008 بووە یەکەم یاریزانی عێراقی بەشداریی چامپیۆنزلیگی کرد و لە ریزی یانەی فاماگۆستای قوبرسی یاریی کرد و بووە یەکەم یاریزانی عێراقیش لە چامپیۆنزلیگ گۆڵ بکات.

یەکەم لێدوانی زیدان ئیقباڵ دوای پۆشینی درێسی مان یونایتد

زیدان ئیقبال دوای یارییەکەیان بەرامبەر یەنگ بۆیز گوتی 'هەستێکی زۆر خۆشم هەیە، بەدرێژایی کاروانی وەرزشیم هەوڵم بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە دەدا، خەونەکەی من هاتە دی، ئەمە تەنیا دەستپێکێکە و هیوادارم بتوانم لەسەر ئەم رێگایەم بەردەوام بم'.

زیدان ئیقبال لە یاریی بەرامبەر مان یونایتد
زیدان ئیقبال لە یاریی بەرامبەر مان یونایتد
زیدان ئیقبال لە یاریی بەرامبەر مان یونایتد
زیدان ئیقبال لە یاریی بەرامبەر مان یونایتد
زیدان ئیقبال لە یاریی بەرامبەر یەنگ بۆیز
زیدان ئیقبال لە یاریی بەرامبەر یەنگ بۆیز