رۆژی دووشەممە تیروپشکی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ رادەکێشرێت

تیروپشکی چامپیۆنزلیگ
تیروپشکی چامپیۆنزلیگ

ناسنامەی 15 یانەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ ئاشکرابوو، ئەمشەو ناسنامەی یانەکەی دیکەش یەکلا دەبێتەوە و رۆژی دووشەممە تیروپشکیان بۆ دەکرێت.

رۆژی دووشەممە 13/12/2021 لە شاری نیۆن لە سویسرا کاتژمێر 02:00ـی دوای نیوەڕۆ تیروپشکی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ رادەکێشرێت، کە کوردستان24 وەکو هەمیشە راستەوخۆ رووماڵی تیروپشکەکە دەکات.

یانەکانی (مانچێستەر سیتی، لیڤەرپوول، ئەیاکس ئامستەردام، ریال مەدرید، بایرن میونشن، مانچێستەر یونایتد، لیل، یۆڤێنتۆس) بە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکانیان گەیشتنە قۆناخی 16، یانەکانی (پاریس سانجێرمان، ئاتلێتیکۆ مەدرید، سپۆرتینگ لیسبۆن، ئینتەر میلان، بێنفیکا، رێدبول ساڵزبۆرگ، چێڵسی) بە پلەی دووەمی کۆمەڵەکانیان سەرکەوتن و ئەمشەو ئاتاڵانتا و ڤیاڕیال بلیتی دووەمی کۆمەڵەی شەشەم یەکلا دەکەنەوە، کە بەهۆی بەفربارینەوە یارییەکەیان دواخرا.

بەگوێرەی یاساکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بۆ چامپیۆنزلیگ، ئەو یانانەی لە یەک وڵاتن لەم قۆناخە رووبەڕووی یەکتری نابنەوە، هەروەها ئەو یانانەی لە قۆناخی کۆمەڵەکان لە یەک کۆمەڵە بوون بەر یەکتری ناکەون.

یارییەکانی چوونی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ لە رۆژانی 15 و 16 و 22 و 23ـی مانگی فێبرایەر/شوبات دەکرێن و یارییەکانی گەڕانەوەش رۆژانی 8 و 9 و 15 و 16ـی مانگی مارس/ئادار دەکرێن.

ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی ئاگرین هەیە

لەبەر ئەوەی چێڵسی پاڵەوانی وەرزی رابردوو، پاریس سانجێرمان و ئاتلێتیکۆ مەدرید و ئینتەر میلان بە پلەی دووەمی کۆمەڵەکانیان گەیشتوونەتە قۆناخی 16 ئەگەری زۆرە دوو رووبەڕووبوونەوەی ئاگرین لە قۆناخەکە رووبدەن، بۆ نموونە دەکرێت چێڵسی رووبەڕووی بایرن میونشن یان ریال مەدرید بێتەوە، پاریس سانجێرمان رووبەڕووی لیڤەرپوول یان ریال مەدرید یان مان یونایتد یان بایرن میونشن یان یۆڤێنتۆس بێتەوە.