کاندیدە نوێکەی جۆ بایدن بۆ پۆستی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کێیە؟

زانیاری بۆ میدیاکان ئاشکرا دەکرێت
ئالینا ئێڵ رۆمانۆوسکی، دیبلۆماتکار
ئالینا ئێڵ رۆمانۆوسکی، دیبلۆماتکار

K24  - هه‌ولێر:

لەگەڵ تەواوبوونی وادەی خزمەتی ماتیو ئێچ تولەر، لە پۆستی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، جۆ بایدن، ژنێک بۆ باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کاندید دەکات.

کۆشکی سپی ئەمەریکا بۆ میدیا جیهانیەکانی ئاشکرا کرد کە جۆ بایدن، سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی کۆمەڵێک کەسی نوێی بۆ باڵیۆزخانەکانی وڵاتەکەی کاندید کردووە.

بەگوێرەی هەواڵێکی وێبسایتی "یو ئێس نیوز"، ئالینا رۆمانۆوسکی، ده‌ستنیشان كراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ باڵیۆزی نوێی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و شوێنی ماتیو توله‌ر بگرێته‌وه‌.

ئالینا ئێڵ رۆمانۆوسکی، دیبلۆماتکارێکی ئەمەریکییە لە 25ـی ئەیلوولی 1955 لە ویلایەتی ئێلێنۆی لە دایکێکی کەنەدی و باوکێکی پۆڵەندی لەدایکبووە، بڕوانامەی بەکالۆریۆس و بڕوانامەی ماستەری لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی شیکاگۆ بەدەست هێناوە، لە زانکۆی تەلئەڤیڤیش لە ئیسرائیل خوێندوویەتی و جگە لە زمانی ئینگیلزی، زمانی فەرەنسی و عەرەبی و عیبری دەزانێت.

لە ساڵی 2019 لەلایەن ئەنجومەنی پیرانی ئه‌مه‌ریكاوە دەستنیشان کرا، بۆ ئەوەی وەک باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کوێت خزمەت بکات.

ئەو خانمە دیپلۆماتکارە، ئێستا کاندیدی جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە بۆ پۆستی باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە عێراق.