ته‌ندروستی عێراق: گه‌شته فڕۆكه‌وانییه‌كان راناگیرێن
K24 - هەولێر:
به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، به هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی ئۆمیكرۆن، به‌غدا پلانی راگرتنی گه‌شته فڕۆكه‌وانییه‌كانی نییه.
دكتۆر ریاز ئه‌لحه‌له‌فی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی عێراق رایگه‌یاند، هیچ هێڵێكی فڕۆكه‌وانیمان له‌گه‌ڵ وڵاتی باشووری ئه‌فریقا نییه تا گه‌شته‌كان رابگرین، له داهاتووشدا بڕیاری هاوشێوه له‌باره‌ی راگرتنی گه‌شته‌كان ده‌رناچێت.
ئه‌لحه‌له‌فی روونیكرده‌وه، دۆخی عێراق له‌باره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی ئۆمیكرۆن له ژێر كۆنتڕۆڵدایه. گوتیشی:" وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق به ملیۆنه‌ها ژه‌مه ڤاكسینی دژه كۆرۆنای دابینكردووه، رۆژانه‌ش 3 تا 4 كۆنتێنه‌ری پڕ له ڤاكسین ده‌گاته عێراق و یه‌كڕاست دابه‌شی سه‌ر پارێزگاكانی ده‌كرێت".
حه‌له‌فی جه‌ختیكرده‌وه، بنكه‌كانی پێدانی ڤاكسین رۆژانه به چه‌ندین شه‌فت كاری رۆژانه‌یان به‌ڕێوه ده‌به‌ن، جیا له‌وه‌ش ئاماده‌كاری بۆ پێدانی ژه‌می سێیه‌می ڤاكسین ده‌كرێت.