چاكسازییه‌كانی بارسێلۆنا ده‌ستیپێكرد

چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا
چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا

بەپێی سەرچاوەکانی ئیسپانیا و کەتەلۆنیا بارسێلۆنا دوای کرانە دەرەوەی لە چامپیۆنزلیگ بڕیاریداوە دەست بە چاکسازی بکات و لە یەکەمین هەنگاویشدا دەیەوێت دەستبەرداری ئۆمتیتی و لۆك دێ یۆنگ و مینگوێزا و سێرجینۆ دێست و تەنانەت تێر شتیگنی گۆڵپارێزی ببێت، لە یەکەم هەنگاویش بۆ نوێکردنەوەی خوێنی بارسا فێران تۆرێس لە مان سیتیەوە دەگوازێتەوە ریزەکانی.

دوای زنجیرەیەک ئەنجامی خراپ و شکستە گەورەکەی بەرامبەر بایرن میونشن و تۆمارکردنی خراپترین ریکۆرد لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو، بارسێلۆنا دەست بە چاکسازی دەکات و گۆڕانکاری لە پێکهاتەکەی دەکات، دوای کرانە دەرەوەشیان لە چامپیۆنزلیگ چاڤی رایگەیاند لە ئێستاوە یانەکەیان دەچێتە نێو سەردەمێکی نوێ و لە سفرەوە دەست پێدەکەنەوە.

بەپێی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی بارسا بە کردار دەست بە چاکسازی دەکات و بڕیاریداوە لە قۆناغی یەکەمی چاکسازیەکەدا لە چوار یاریزانی رزگاری ببێت، دەستپێکی گۆڕانکارییەکانیش لە بازاڕی گواستنەوەکانی زستانە دەبێت.

سپۆرت هێمای بۆ ئەوەش کردووە ئەو یاریزانانەی بارسا دەستبەرداریان دەبیت، بریتین لە ساموێل ئۆمتیتی، لۆک دی یۆنگ، مێنگوێزا و سێرجینۆ دێست، لەگەڵ گواستنەوەی چەند یاریزانێکی نوێ بۆ ریزەکانی.

لەلایەن خۆیەوە جێرارد رۆمێرۆی رۆژنامەنووسی باوەڕپێکراو بڵاویکردەوە جگە لەم چوار یاریزانە بارسا ئامادەیە دەستبەرداری فرانک دێ یۆنگ و تێر شتیگنی گۆڵپارێزیش ببێت کە نرخی گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە دەگاتە 40 ملیۆن یۆرۆ.

رۆژنامە کەتەلۆنییەکە هەروەها نووسیویەتی  بارسا لەگەڵ دەستبەرداربوون لەم یاریزانانە لە هەمان کاتدا دەچێتە نێو ململانێی گواستنەوەی چەند ئەستێرەیەک و لە یەکم هەنگاودا هەوڵی یەکلاکردنەوەی گرێبەستی فێران تۆرێسی ئەستێرەی مانچیستەر سیتی دەدات.

سپۆرت ئاماژەی بەوە کردووە چاڤی پێیوایە تۆرێس یەکەم هەنگاو دەبێت بۆ چالاک کردنەوەی خوێنی هێرشبەری بارسا و تەنانەت ئامادەن کۆتینیۆ بۆ ئەم یاریزانە بکەنە قوربانی.

بارسێلۆنا دوای 20 ساڵ بۆ یەکەمجار لە قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ ماڵئاوایی کرد و بۆ بەشداریکردن لە یۆرۆپالیگ بەشداری لە قۆناغی پلەی ئۆف دەکات.