شێروانه دوای 56 رۆژ یه‌كه‌مین سه‌ركه‌وتنی له خولی نایاب تۆمار كرد
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه له گه‌ڕی ده‌یه‌می خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان 3 یاری به‌ڕێوه‌چوون، یانه‌ی شێروانه دوای 56 رۆژ یه‌كه‌مین سه‌ركه‌وتنی له خوله‌كه تۆمار كرد، چه‌مچه‌ماڵیش له نێو یاریگه‌ی خۆی به‌رده‌وامی به سه‌ركه‌وتنه‌كانی دا، یانه‌ی هه‌ندرێنیش بۆ دووه‌م یاری له‌سه‌ریه‌ك كه‌وته داوی یه‌كسانبوونه‌وه.
چه‌مچه‌ماڵ ـ ئارارات
یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ دوای سه‌ركه‌وتنه گه‌وره‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردووی به‌رامبه‌ر ده‌ربه‌ندیخان، ئه‌مجاره‌یان له نێو یاریگه‌ی خۆی میوانداریی ئاراراتی كرد و سه‌وزپۆشه‌كان چواره‌مین سه‌ركه‌وتنیان له‌م وه‌رزه تۆمار كرد.
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی یارییه‌كه به دیاریكراوی له خوله‌كی 4 سه‌فین ئه‌مین گۆڵی پێشكه‌وتنی بۆ چه‌مچه‌ماڵ تۆمار كرد.
دواتر هاوكار یه‌حیا ئه‌ستێره دره‌وشاوه‌كه‌ی یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ گۆڵی دووه‌می بۆ به‌رگسه‌وزه‌كان زیاد كرد، نیوه‌ی یه‌كه‌م به‌م 2 گۆڵه له به‌رژه‌وه‌ندی تیپه‌كه‌ی ئه‌رسه‌لان جه‌لالی راهێنه‌ری چه‌مچه‌ماڵ كۆتایی هات.
له كۆتاییه‌كانی نیوه‌ی دووه‌م ئارارات، جیاوازییه‌كه‌ی كه‌مكرده‌وه و گۆڵێكی تۆمار كرد، به‌ڵام نه‌یتوانی له شكست رزگاری بێت و تووشی پێنجه‌مین شكست بوو له‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی كوردستان.
یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ له‌م وه‌رزه له كۆی 4 یاری له نێو یاریگه‌ی خۆی 3 بردنه‌وه‌ی تۆمار كردووه و هیچ یانه‌یه‌ك نه‌یتوانیوه له نێو یاریگه‌ی چه‌مچه‌ماڵ ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتن بگێرێت.
یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ به‌م سه‌ركه‌وتنه‌ی ئه‌مڕۆی به كۆكردنه‌وه‌ی 13 خاڵ به‌شێوه‌یه‌كی كاتی بۆ پله‌ی چواره‌می ریزبه‌ندی سه‌ركه‌وت، له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی ئارارات به‌شێوه‌یه‌كی كاتی له خانه‌ی سێزده‌یه‌می خواره‌وه‌ی ریزبه‌ندییه‌كه مایه‌وه.
شێروانه ـ نه‌ورۆز
یانه‌ی شێروانه دوای زنجیره‌یه‌ك ئه‌نجامی خراپ له‌م وه‌رزه میوانداریی نه‌ورۆزی كرد، له نیوه‌ی یه‌كه‌م هیچ لایه‌ك نه‌یانتوانی تۆڕی یه‌كتربهه‌ژێنن.
دواتر له ناوه‌راستی نیوه‌ی دووه‌م، محه‌مه‌د ته‌ها له‌گه‌ڵ هاتنه ژووره‌وه‌ی بۆ نێو یاریگه له یه‌كه‌مین به‌ریه‌ككه‌وتنی له‌گه‌ڵ تۆپ گۆڵی یه‌كه‌می یارییه‌كه‌ی بۆ شێروانه به ئاسیستی به‌مۆ غه‌ریب تۆمار كرد، یارییه‌كه‌ش تا كۆتایی به‌م تاكه گۆڵه له به‌رژه‌وه‌ندی یانه كه‌لارییه‌كه‌ی گه‌رمیان كۆتایی هات.
شێروانه‌ی دوای 56 رۆژ یه‌كه‌مین سه‌ركه‌وتنی له خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان تۆماركرد كه ئه‌مه دووه‌مین بردنه‌وه‌ی بوو له‌م وه‌رزه هه‌ردوو بردنه‌وه‌كه‌شی له نێو یاریگه‌ی خۆی بووه.
له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی نه‌ورۆز دوای 3 سه‌ركه‌وتنی له‌سه‌ریه‌ك له خوله‌كه تووشی یه‌كه‌مین شكست بوو كه ئه‌مه چواره‌مین دۆڕانی بوو له‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی كوردستان.
هه‌ندرێن ـ ده‌ربه‌ندیخان
له یارییه‌كی دیكه‌ی ئه‌مڕۆدا یانه‌ی ده‌ربه‌ندیخان بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی هه‌ندرێن سه‌ردانی هه‌ولێری پایته‌ختی كرد، یارییه‌كه له نیوه‌ی یه‌كه‌م به یه‌كسانبوون به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات.
له نیوه‌ی دووه‌میش هیچ لایه‌ك نه‌یتوانی به‌ربه‌ستی یه‌كسانبوون بشكێنن و یارییه‌كه به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات.
هه‌ندرێن دووه‌مین یارییه له‌سه‌ریه‌ك تووشی به‌رامبه‌ربوون ده‌بێت، به كۆكردنه‌وه‌ی 21 خاڵ له پێشه‌نگی خوله‌كه مایه‌وه، له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی ده‌ربه‌ندیخان به‌شێوه‌یه‌كی كاتی به 10 خاڵ بۆ خانه‌ی نۆیه‌می ریزبه‌ندی هه‌ڵكشا.