ئه‌مه‌ریكا له‌ ئه‌مڕۆوه‌ تا كۆتایی ئه‌مساڵ ئه‌ركی هێزه‌كانی خۆی له‌ عێراق ده‌گۆڕێت

بڕیاره‌ کۆبوونەوەی داهاتوو لە شاری هەولێر ئەنجام بدرێت
دیمه‌نێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌
دیمه‌نێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ لە بارەگای فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عێراق لە بەغدا، لیژنەی باڵای ئاسایش و سەربازی تایبەت بە دیالۆگی ستراتیجی نێوان عێراق و  ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کۆبوونەوە.

کۆبوونەوەکە، بەسەرپەرشتی قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراقی و بەسەرۆکایەتی فریق روکن عەبدولئەمير شەممەری جێگری فەرماندەی گشتی هێزە هاوبەشەکانی عێراق، بە ئەندامێتی جەنه‌ڕاڵ برینان فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و عەمید روکن هەژار عومەر راوێژکاری باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و نوێنەری هەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای ئەمنی و بەرگری دیالۆگی ستراتیجی نێوان عێراق – ئەمه‌ریکا، بەئامادەبوونی جەنه‌ڕاڵ لۆلیسغارد فەرماندەی هێزەکانی ناتۆ لە عێراق، چەندین ئەفسەرو فەرماندەی تری هێزەکانی عێراقی و هاوپەیمانان بەڕێوەچوو، کە ئەمە دوایین کۆبوونەوە بوو لە ئه‌مساڵدا ئەنجامیان دا.

ئەمە چوارەمین کۆبوونەوەیە، لەدوای گەڕی چوارەمی دیالۆگی ستراتیجی لەنێوان عێراق-ئەمریکا، لەواشنتن. لەکۆبوونەوەکەدا، باس لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی دیالۆگی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمه‌ریکا کرایەوە، لەمبارەیەوە، جەنه‌ڕاڵ برینان فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان، لە عێراق، ئاماژەی بەوەدا، کە لەئەمڕۆە تا رۆژی 31ی 12ی 2021، بەتەواوی ئەمریکا و هاوپەیمانان ئەرکی خۆیان دەگۆڕن بۆ (ڕاوێژکار، هاوکاری و بەرزکردنەوەی تواناکان) بۆ هێزەکانی عێراقی و هێزەکانی پێشمەرگە.

هەردوولا پابەندی خۆیان پیشان دا، بۆ جێبەجێکردنی تەواوی بڕگەکانی رێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات، کە لەمانگی تەمووزی ئەمساڵدا واژۆ کراوە.

هەروەها، جەختیان لە گرنگی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هەردوو وڵات کردەوە، بۆ تێکشکاندنی داعش و بەرزکردنەوەی تواناکانی هێزەکانی عێراقی و پێشمەرگە.

هەر لەکۆبوونەوەکەدا، فەرماندەی فەرماندەیی هێزە جیاوازەکانی عێراقی، ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەش کرد، سەبارەت پێداویستی وبوارەکانی پەیوەندی ستراتیجی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان.

دیمه‌نێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌
دیمه‌نێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌

لای خۆیەوەو، عەمید روکن هەژار عومه‌ر ڕاوێژکاری باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان لەدیالۆگی ستراتیجی، ڕاپۆرتی خۆی پێشکەش کرد، کە تیایدا، باسی لە چەند بابەتێک کرد لەوانە: بوارەکانی ستراتیجی و پێداویستی هێزەکانی پێشمەرگە، هێرشەکانی ئەم دواییەی داعش، بۆسەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە و هاووڵاتیان. هەرلە راپۆرتەکەیدا، باسی لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراقی کرد، کە بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش ئەنجامیان دا. لەراپۆرتەکەدا، ئاماژەی بە شێوازی هێرشەکانی ئەم دواییەی داعش دا، لە دژی هێزەکانی پێشمەرگە، کە دووربینی شەوی (حەراری)یان تێدا بەکارهێناوە.

جەختیشی کردەوە، کە پێویستە و گرنگە پێداویستی هێزەکانی پێشمەرگە دابین بکرێت، لەلایەن عێراق و هێزی هاوپەیمانان، بە تایبەت دووربینی شەوی (حەراری) و درۆنی سەربازی پێشکەوتوو. لەبەشێکی تری راپۆرتەکەیدا، باسی لەگرنگی دامەزراندنی هەردوو لیوای هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی کرد، دابینکردنی گشت پێداویستی لۆجستی و مووچەی بەگرنگ زانی، بۆئەوەی بەزووترین کات دەست بەکاربن.

هەر لە راپۆرتەکەیدا، عەمید روکن هەژار ئاماژەی بەگرنگی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و کاری هاوبەش لەنێوان هێزەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە دا، بەپاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانان. لەکۆتایی راپۆرتەکەشدا، پوختەیەکی پرۆسەی چاکسازی پێشمەرگەی بۆ هەردوو شاندی عێراقی و شاندی هاوپەیمانان باس کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، لایەنی عێراقی پابەندی خۆیان دووپات کردەوە بە پاراستنی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، هێزەکانی هاوپەیمانانیش دووپاتیان کردەوە، کە بەردەوام دەبن، لە پاڵپشتی و ڕاوێژ دان بەهێزەکانی عێراقی و هێزەکانی پێشمەرگە، لەشەڕی دژی داعش.

لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردرا، کە کۆبوونەوەو هەماهەنگی نێوان هێزەکانی عێراقی و هێزەکانی پێشمەرگە، لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان بەردەوامی پێبدرێت و بەڵێنیاندا، کە کۆبوونەوەی داهاتوو لە شاری هەولێر ئەنجام بدرێت.