بۆ خاتوو پلاسخارت
به‌هاری 1991 منداڵێكی 10 ساڵان بووم، له یه‌كه‌مین ڕۆژی گه‌یشتنی ڕاپه‌ڕین به شارۆچكه‌ی هه‌ریر به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕق و كینه‌یه‌كی پێشتریشم له (سه‌دام حوسێن) هه‌بووبێت هاوشێوه‌ی خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕی و، وێنه‌یه‌كی سه‌دامم به دیواری حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌مان هه‌ڵواسی و هه‌رچی شتێكم به‌ده‌ست گه‌یشتبا تێم گرت، تا شوێنی ساخی پێوه نه‌ما، لێی نه‌گه‌ڕام. هه‌مان مانگ كۆڕه‌و ده‌ستی پێكرد، پێچه‌كانی سپیلك تژی له خه‌ڵك، ئاراسته‌ی ڕۆیشتن به‌ره‌و (ده‌شته دیانا) و (حاجی ئۆمه‌ران)ی گرتبوو. دوای گه‌یشتنمان به دیانا و مانه‌وه‌مان بۆ چه‌ند مانگێك، وه‌ختێك زانیمان كه‌شه‌كه ئارامه و پێشمه‌رگه پێشڕه‌وی هێزی به‌عسی له كۆڕێ ڕاگرتووه و، نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش بڕیاری (688)ی ده‌ركردووه و ناوچه‌یه‌كی دانپیانراوی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پێكهێناوین.
ئاسووده گه‌ڕاینه‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵمان، هه‌مان ماوه گوێبیستی ناوی (دانیال میته‌ران) بووم و هه‌وڵه‌كانی ئه‌و خاتوونه بۆ فه‌راهه‌مكردنی ناوچه‌ی ئارام بۆ كوردستان به‌رزنرخاند. پاشان ڕۆژ دوای ڕۆژ خۆشه‌ویستیم بۆی زیادی كرد و، تا دواجار وه‌فای كوردانی به‌ده‌ست هێنا و نازناوی (دایكی كوردان)ی پێ به‌خشرا.
میته‌ران، بوو به دایكی كورد و مێژوو له لاپه‌ڕه‌كانیی خۆیدا ناتوانێت ڕۆڵی له گه‌یشتنی كورد به ئارامی و حوكمێكی خود به‌ڕێوه‌به‌ری نادیده بگرێت.
پلاسخارت ده‌بێت به چی؟
ته‌مووزی 2020 پڕۆژه‌یه‌ك وه‌كو چاره‌سه‌ر بۆ دۆخی په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا له‌لایه‌ن (جنین پلاسخارت) نوێنه‌ری ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق، وه‌كو حوكمی شێوه‌یه‌ك له كۆنفیدڕاڵی بۆ كوردستان له‌گه‌ڵ عێراق پێشنیاركرا. هه‌ر ئه‌وه‌نده مابوو به پیاده ڕێگای سۆران به‌غدا بگرم و تا به ماچكردنی ئه‌و په‌نجانه بگه‌م كه پڕۆژه‌كه‌ی نووسیوه‌ته‌وه، به‌ڵام هه‌رزوو به ڕونكردنه‌وه‌یه‌ك یونامی پاشه‌كشه‌ی به بیرۆكه‌كه‌ی كرد.
كۆتایه‌كانی هه‌مان ساڵ فیلمی سیرجیۆ كه‌وته به‌ر دیده‌م، پاش سه‌یركردنی، له خۆم پرسی؟ ئه‌وه‌ی سێرجیۆ* بۆ ته‌یموری ڕۆژهه‌ڵات كردی (پلاسخارت)یش ناتوانێت بۆ ئێمه‌ی بكات؟ ئه‌گه‌ر سێرجیۆ به كه‌سێكی ڕاستگۆ و به‌توانا ده‌ناسرا، ئێ (پلاسخارت) هیچی له‌و كه‌متر نییه، ئه‌و نه پیره‌ژنه و! نه بێ توانه، به‌ڵكو بوێر و ژیر، چالاك و گه‌نجه. ده‌توانێت چۆن سێرجیۆ به سه‌رۆكی ئه‌ندۆنیسیای گوت:" سه‌رده‌می داگیركاری به‌سه‌ر چوو". ئه‌ویش به سه‌ركرده‌كانی ئه‌و وڵاته بڵێت:" عێراقی 1920 كۆتایی هات و تازه 2021ه".
بۆیه ده‌مه‌وێت به خاتو پلاسخارت بڵێم "چۆن خه‌ڵكی ته‌یموری ڕۆژهه‌ڵات ڕێزی تایبه‌تیان بۆ هه‌وڵه‌كانی سێرجیۆ هه‌یه و، (میته‌ران)یش نازناوی دایكی كوردانی برده‌وه، تۆش شوێنێك بۆ خۆت له‌نێو دڵمان بگره و ببه به خوشكی گه‌وره یان خۆشه‌ویستی كورد".
* سێرجییۆ دیمیلۆ: له دوای ساڵی 2003 یه‌كه‌مین نوێنه‌ری ئه‌منیداری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له عێراق بووه، پاش گه‌یشتنی به عێراق له ئابی هه‌مان ساڵ له ته‌قینه‌وه‌یه‌كی تیرۆریستی له به‌رده‌م ئه‌و ئۆتێله‌ی نوسینگه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانی لێ بوو له‌گه‌ڵ 21 كه‌س له كارمه‌ندانی كوژرا. ناوبراو له پڕۆسه‌ی گه‌یشتنی ته‌یموری ڕۆژهه‌ڵات به سه‌ربه‌خۆیی ڕۆڵێكی كارای گێڕا‌و، به‌رپرسی تیمی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بووه له ئه‌ندۆنیسیا تا ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی ته‌یموری ڕۆژهه‌ڵات.