هه‌نگاریا مه‌شق و راهێنانه‌كانی پێشمه‌رگه دەستپێده‌كاته‌وه

K24 – هەولێر
وڵاتی هنگاریا له رێگه‌ی راوێژكاره سه‌ربازییه‌كانیان ده‌ست به مه‌شق و راهێنانه‌كانی پێشمه‌رگه دەکاتەوە.
شاندێکی باڵای سه‌ربازی و دیبلۆماسی هه‌نگاریا، له‌گه‌ڵ وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونەوە و جه‌ختده‌كه‌نه‌وه له‌سه‌ر به‌رده‌وامیدان به پشتگیری و پاڵپشتییه‌كانیان بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، بە ئامانجی بنبڕكردن و تێكشكانی تیرۆریستان.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە، ئه‌مڕۆ شەممە 11/12/2021، شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، پێشوازیكرد له فه‌ریق رۆمه‌لۆس روسیزن، سوپاسالاری هه‌نگاریا و ئاتێلا تار، باڵیۆزی هه‌نگاریا له‌عێراق و تۆس، كونسوڵی گشتی هه‌نگاریا له هه‌رێم و كۆلۆنێل پیته‌ر، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی هه‌نگاریا له هه‌رێم و كۆلۆنێل هادی، به‌رپرسی تیمی هه‌ماهه‌نگی هه‌نگاریا له كونسوڵخانه‌ی گشتی و وه‌فدێكی باڵای سه‌ربازی و دیبلۆماسی.
له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا، كه فه‌ریق جه‌مال محەمەد، سه‌رۆكی ئه‌ركان و لیوا قاره‌مان و لیوا روكن هۆشمه‌ند حه‌یده‌ر، جێگرانی سه‌رۆكی ئه‌ركان و لیوا روكن به‌ختیار محەمەد و عه‌مید روكن هه‌ژار عومه‌ر، راوێژكارانی وه‌زاره‌ت و عه‌مید روكن محەمەد سه‌عید، به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندییه‌كان، عه‌قید لوقمان كه‌ریم، راوێژکاری وەزارەت ئاماده‌یبوون، به‌وردی تاوتوێی مه‌ترسی و جموجۆڵه‌كانی ئێستای تیرۆریستانی داعش له ناوچه‌كه‌دا كرا.
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەکردووە، له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا، جه‌ختكرایه‌وه له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگی و ئه‌ركی هاوبه‌ش له روبه‌ڕوبوونه‌وه‌و تێكشكاندنی تیرۆریستان، هاوكات هه‌ردوولا به گرنگیه‌وه تاوتوێی په‌یوه‌ندیه‌كانی ئێستای هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عێراقی و هاوپه‌یمانانیان كرد.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، وه‌زیری پێشمه‌رگه، رۆڵی هه‌نگاریا و هێزه‌كانیانی ئه‌و وڵاته‌ی به‌رز نرخاند، كه له ماوه‌ی جه‌نگی داعش هاوكار و یامه‌تیده‌ری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بوون، دووپاتیشیكرده‌وه له‌و ئالنگارییه‌ی، كه ئێستا هاتووەته پێشه‌وه بۆ را‌گرتن و له‌ناوبردنی هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆر، پێویستیمان به‌هاوكاری و یارمه‌تی هه‌مووان هه‌یه.
ئەوەشخراوەتەڕوو، سوپاسالاری هه‌نگاریا و شاندی سه‌ربازی و دیبلۆماسی هه‌نگاریا، وه‌زیری پێشمه‌رگه و ستافی باڵای وه‌زاره‌تیان دڵنیاكرده‌وه، له هاوكاری و پشتگیری پێشمه‌رگه به‌رده‌وام ده‌بن و بڕیاریشدرا له رێگه‌ی راوێژكاره سه‌ربازییه‌كانیان ده‌ست به‌مه‌شق و راهێنانه‌كانی پێشمه‌رگه بكرێته‌وه.
