سه‌رۆك بارزانی: یه‌کێتیی ئافره‌تانی کوردستان، یەكێكە لە دەستكەوتە گرنگەكانی شۆڕش كە رۆڵی خۆی بە باشی گێڕاوە

"یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان رێکخراوێکی تێکۆشه‌ری ناو شۆڕش و خەباتی گەلی كوردستانە"
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، له‌ په‌یامێكدا بە بۆنەی شەست و نۆیەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان پیرۆزبایی له‌ ئه‌ندامی ئه‌و رێكخراوه‌ كرد و رایگه‌یاند، یه‌کێتیی ئافره‌تانی کوردستان، ئەزموونێكی سەركەوتووی بەشداریی ئافرەت لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیی كوردستان بووە.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانیدا هاتووه‌، یه‌کێتیی ئافره‌تانی کوردستان، یەكێكە لە دەستكەوتە گرنگەكانی شۆڕش كە رۆڵی خۆی بۆ چه‌سپاندن و ده‌ستەبەرکردنی مافی ئافره‌تان لە قۆناغە جیاجیاكاندا بە باشی گێڕاوە.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

به‌ڕێزان سكرتێر و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سكرتاریه‌تی یه‌كێتیی ئافره‌تانی كوردستان،

 به ‌بۆنه‌ی شەست و نۆیەمین ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌کێتییە‌که‌تان، یه‌کێتی ئافره‌تانی کوردستان پیرۆزبایی گه‌رم ئاراسته‌ی ئێوه‌ و هه‌موو ئه‌ندامانی رێکخراوه‌ تێکۆشه‌ره‌که‌تان و سەرجەم ئافرەتانی کوردستان ده‌که‌م.

یه‌کێتیی ئافره‌تانی کوردستان، ئەزموونێكی سەركەوتووی بەشداریی ئافرەت لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیی كوردستان بووە، یەكێكە لە دەستكەوتە گرنگەكانی شۆڕش كە رۆڵی خۆی بۆ چه‌سپاندن و ده‌ستەبەرکردنی مافی ئافره‌تان لە قۆناغە جیاجیاكاندا بە باشی گێڕاوە.

یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان رێکخراوێکی تێکۆشه‌ری ناو شۆڕش و خەباتی گەلی كوردستانە، كە جگە لە پاڵپشتیكردنی شۆڕش و پێشمەرگە، ئەركی خۆی لە پێگەیاندن و هۆشیارکردنەوەی ئافرەتان و بەرگریکردن لە مافەکانیان بەجێ گەیاندووە.

لە سەردەمی ئێستاشدا پێویستە یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان لە چوارچێوەی كولتووری پێكەوەژیان و مەدەنییەت و یەكسانیخوازی و نەهێشتنی توندوتیژیی خێزانی و كۆمەڵایەتی، كار بۆ بەهێزكردنی بیری نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری و دیموكراسی لەنێو ریزەكانیاندا بكەن.

هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.

مسعود بارزانی

11ـی كانوونی یەكەمی 2021