چاڤی بۆ یارییه‌كه‌ی سبه‌ی نیوه‌ی پێكهاته‌كه‌ی له‌ده‌ست داوه
چاڤی هێرناندێزی راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا بۆ یارییه‌كه‌ی سبه‌یان له لالیگا له تواناكانی 7 یاریزانی بێبه‌ش ده‌بێت و پێشبینی ده‌كرێت له‌م یارییه‌دا زۆرترین ده‌رفه‌ت به یاریزانه لاوه‌كان بدات.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه، 11 دێسێمبه‌ری 2021، رۆژنامەی مۆندۆ دێپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی بڵاویکردەوە، چاڤی هێرناندێز راهێنەری بارسێلۆنا بەهۆی پێکان بۆ یاریيه‌كه‌ی سبه‌ی یانەکەی بەرامبەر ئۆساسۆنا لە گەڕی حەڤدەی لالیگا، حەوت یاریزانی بەردەست نابێت کە بریتین لە پێدری گۆنزالێز، سێرجی رۆبێرتۆ، ئانسۆ فاتی، سێرخیۆ ئەگوێرۆ، مارتن برایسوەیت، جۆردی ئالبا و مێمفیس دیپای.
چاڤی له باره‌ی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی به‌رامبه‌ر ئۆساسونا له پرێس كۆنفرانسێكدا رایگه‌یاند كه ئه‌و یارییه زۆر زه‌حمه‌ت ده‌بێت، ده‌شڵێت: یانه‌ی ئۆساسونا تیپێكی تۆكمه و رێكخراویان هه‌یه و له ڕووی به‌رگری و هێرشبه‌رییه‌وه زۆر به‌هێزن.
یانه‌ی بارسێلۆنا له‌م وه‌رزه له كۆی 15 یاری، 6 بردنه‌وه، 5 به‌رامبه‌ربوون و 4 شكستی هه‌یه و به كۆكردنه‌وه‌ی 23 خاڵ له پله‌ی هه‌شته‌یه‌می ریزبه‌ندی دێت، ئه‌مه‌ش خراپترین ده‌ستپێكی وه‌رزی بارسێلۆنایه به درێژایی 23 ساڵی رابردوو.
بارسێلۆنا سبه‌ی یه‌كشه‌ممه له كاتژمێر 06:15 خوله‌كی ئێواره له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی رووبه‌ڕووی ئۆساسونا ده‌بێته‌وه، ئۆساسونا به كۆكردنه‌وه‌ی 21 خاڵ، له پله‌ی یازده‌یه‌م دێت.