ئێران به گه‌شبینییه‌وه باس له چه‌ند رۆژی داهاتوو ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند، "له چه‌ند رۆژی داهاتوودا هه‌واڵی خۆشمان ده‌بێت سه‌باره‌ت به نه‌هێشتنی كاریگه‌رییه‌كانی سزاكانی سه‌ر وڵاته‌كه‌مان".
له دیمانه‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، سه‌عید خه‌تیب زاده، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران گوتی: "هه‌وڵ ده‌ده‌ین له رۆژانی داهاتوودا كاریگه‌ری سزاكانی سه‌ر وڵاته‌كه‌مان نه‌هێڵین.. له چه‌ند رۆژی داهاتوودا هه‌واڵی خۆش له‌باره‌ی نه‌مانی سزاكان ده‌بیستین".
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران له دیمانه‌یه‌كی كورتدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی ئێرانی گوتی: "له میانه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له وڵاتانی ناوچه‌كه، توانیومانه تاڕاده‌یه‌كی زۆر به‌سه‌ر كێشه داراییه‌كاندا زاڵ بین، به‌ڵام ئێستا ناتوانم ورده‌كاری زیاتر له‌و باره‌یه‌وه بخه‌مه‌ڕوو.. هه‌ندێك هه‌نگاوی باش له‌وباره‌یه‌وه نراون و له داهاتوودا هه‌نگاوی دیكه‌ش ده‌نێین.. له چه‌ند رۆژی داهاتوودا هه‌واڵی ئه‌رێنی له‌باره‌ی شكستپێهێنان و كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌ری سزاكان ده‌بیستین".
دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له سه‌رده‌می دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌و وڵاته له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران، كه ساڵی 2015 له‌نێوان تاران و زلهێزانی جیهان واژوو كرا، جارێكی دیكه واشنتن سزاكانی سه‌ر تارانی به زیاده‌وه گه‌ڕانده‌وه، به‌و هۆیه‌شه‌وه كۆماری ئیسلامی رووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی ئابووری و دارایی بووه.
ئێستاش گه‌ڕی هه‌شته‌می دانوستانه‌كان بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران له ڤیه‌ننا به‌ڕێوه‌ده‌چن، به‌ڵام به‌شداربووانی دانوستانه‌كان جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه، تا ئێستا هیچ پێشكه‌وتنێك له گفتوگۆكاندا نه‌هاتووه‌ته ئاراوه، بۆیه به‌دوور ده‌زانرێت دانوستانه‌كانی ئه‌مجاره‌ش هیچ گۆڕانكارییه‌ك له‌وباره‌یه‌وه بهێنێته ئاراوه.
سه‌رچاوه: فارس
H.B