بۆچی کەیسی جیابوونەوەی هاوسەران لە دادگا دوا دەکەوێت؟

پارێزەرێکی راوێژکار: یاسای باری کەسی یاسایەکی کۆنە و پێویستی بە گۆڕینە
دادگا
دادگا

K24 – هەولێر

زۆرجار لەلایەن هاووڵاتییانەوە گلەیی ئەوە لە دادوەر و دادگاکان دەکرێت، کە کەیسی جیابوونەوەی هاوسەران لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان زۆر دوا دەکەوێت، پارێزەرێکی راوێژکار خۆیشی تێبینی لەسەر ئەو بابەتە هەیە و چەند هۆکارێک دەخاتەڕوو.

هەمزە سلێمان ئاغا، پارێزەی راوێژکار لە هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "هۆکارەکانی دواکەوتنی کەیسی هاوسەران لە دادگاکان زۆرن، بەڵام گرنگترینیان بریتین لە : یاسای باری کەسی یاسایەکی کۆنە، لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە سەرچاوەی گرتووە، کە ئایینی ئیسلام لەگەڵ ئەوەدایە ئەو خێزانەی پێکهێنراوە تۆکمە بێت، جیابوونەوە لە دادگاکان بە هیچ جۆرێک پەلەی لێ ناکرێت، کۆمەڵێک رێکار لە یاساکە دیاریکراوە کە پێویستیان بە کاتە تا دادگا دەگاتە ئەو بڕوایەی بڕیاری جیابوونەوەی دوو هاوسەر بدات، ئەمەش وایکردووە ئەو لایەنەی کە داوای جیابوونەوە دەکات، بێزاربێت. هۆکارێکی دیکە ئەوەیە هەندێکجار ئەو کەسەی داوای جیابوونەوە دەکات بانگەشە بابەتێک دەکات ناتوانێت بۆ دادگا بیسەلمێنێ".

گوتیشی: "ئێمەش تێبینیمان لەسەر بەشێک لە دادگا و داوەرەکان هەیە، لەکاتی دیاریکردنی دابینی رەچاوی یاسای دابینی شارستانی ناکەن، کە ئەمەش یەکێکە لە هۆکاری دواخستنی بابەتی جیابوونەوەی هاوسەران و داواکارییەکانیان، ئەگەر دادوەرەکان رەچاوی ئەو یاسایە بکەن، نابێ بۆ دیتنی هەر داوایەک لە 20 رۆژ تێپەڕێت، بەڵام بەداخەوە کەمی دادوەریش یەکێکە لە هۆکارەکان، هەروەها قەرەباڵغی دادگاکان، وایکردووە کاتێک داواکاری پێشکەش دەکرێت 40 تا 50 رۆژی دەوێت، هۆکارێکی تریش دادگا و دادوەرەکان بەتایبەتی دادوەرانی یەکەم لە سەرەتایی مانگی کۆتایی هەر ساڵێک داواکان رادەگرن تا دوای 10ی مانگی 1، ئەمەش وادەکات فشار بکەوێتە سەر دادگا، بۆیە دادوەرەکان بەشێکن لە هۆکارەکان".

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەشدا: "هەندێک جار کە دادگا کاتی زیاتر بە هاوسەران دەدات یان داواکەیان دوادەخات لەکاتی داواکاریان بۆ جیابوونەوە، بۆ ئەوەی هەوڵبدریت لەنێوانیاندا ناوبژیوانی بکرێت، زۆرجار بووەتە هۆکار کە ئاشت ببنەوە و خێزانەکەیان هەڵنەوەشێتەوە، لە هەمانکاتدا دواکەوتنی کەیسەکان کاریگەری نەرێنی زۆرە لە رووی مادی و مەعنەوی و تێکشکاندنی کەسێتی، ئەو یاسایە کۆنە و پێوسیتە نوێ بکرێتەوە و بگونجێنرێت لەگەڵ بارودۆخ و داواکارییەکانی ئێستای خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی ئەو کەسانەی داوای جیابوونەوە دەکەن".