ئاژەڵداری لە هەرێمی کوردستان بە پیشەسازی دەکرێت

بزنی سانین دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان
کێڵگەی بەخیوکردنی بزنی سانس-ئ هۆڵەندی لە هەڵەبجە
کێڵگەی بەخیوکردنی بزنی سانس-ئ هۆڵەندی لە هەڵەبجە

K24 - هەڵەبجە

وەبەر‌هێنەرێک لە هەڵەبجە جۆرە بزنێکی هۆڵەندی هێناوە کە بەهۆی باشی و بەرهەمی زۆر، "ناویان مانگای هەژاران"، ماوەی مانگێکە ئەم جۆرە بزنە هۆڵەندییە دەستی بە بەرهەمێنانی شیر کردووە، لەهەمانکاتدا ئێستا کوردستان بە خاکی خۆیان دەزانن و سەدان کاریان هەیە، سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە لە رێگەی سۆفتوێرێکی تایبەتەوە کۆنتڕۆڵی نەخۆشی و بەرهەمی شیری بزنەکانیان کردووە. ئەم پڕۆژەیەش یەکەم پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق.

لە کێڵگەی ئاژەڵداری راسان لە پارێزگای هەڵەبجە، بزنی سانینی هۆڵەندی هەن. لەوێ بەشێوازێکی پێشكەوتوو بزنەکان بەخێودەکرێن و دەبێت کەشێکی لەباریان بۆ بڕەخسێنرێت، تاکو بتوانن بە ئاسانی کۆنتڕۆڵی شیر و گەشەیان بکرێت.

د. ئەرکان مەنوچەر، بەڕێوەبەری کێڵگەی ئاژەڵداری راسان بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو پڕۆژەیە بە پیشەسازیکردنی ئاژەڵدارییە، کە بریتییە لە کێڵگەی بزنی سانین، یەکەم جارە ئەو جۆرە بزنە دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان و عێراق، پڕۆژەکە هەزار بزنی شیردەرە و شیرەکەیان ناوازەیە و نرخی دوو بەرامبەر شیرەکانی دیکەیە".

شیر وەرگرتن لە بزنەکان، یاخوود دۆشینیان بەشێوازێکی سەردەمیانە لە رێگەی ئامێرێکی پێشکەوتووەوە دەبێت. بەجۆرێک لەیەک کاتدا توانای دۆشینی 48 بزنی هەیە.

لەوبارەوە شەماڵ رەسوڵ، سەرپەرشتیاری کێڵگەی ئاژەڵداری راسان دەڵێ: "پڕۆسەی وەرگرتنی شیر لەم پڕۆژەیە بە ئامێری ئەلیکترۆنی ئەنجام دەدرێت، رێژەی پاک و خاوێنی و کوالێتی شیرەکە زۆر بەرزە".

بزنی سانین یەکێکە لەو جۆرە بزنانەی کە هۆڵەندییە و رۆژانە چوار بۆ  پێنج کیلۆ شیردەدات، نزیکەی دوو کیلۆ ئالیك دەخوات. لەو کێڵگەیەی هەڵەبجە رۆژانە بە بەردەوامی لەلایەن پزیشکی ڤێتەرنەرییەوە پشکنینان بۆ دەکرێت. کۆنتڕۆڵی نەخۆشییەکانیان لە رێگەی سۆفتوێرێکەوە دەکرێت.