هێشتا وادەی گەڕانەوەی رامۆس بۆ یاریکردن دیار نییە

سێرخیۆ رامۆس
سێرخیۆ رامۆس

هێشتا وادەی گەڕانەوەی سێرخیۆ رامۆس بۆ یاریکردن نادیارە، ئەو بەرگریکارە ئیسپانییە لە یارییەکانی پاریس سانجێرمان دابڕاوە.

گەرچی سێرخیۆ رامۆس دوو هەفتە لەمەوبەر دوای سێ مانگ دابڕانی لە یاریکردن یەکەم یاریی بە درێسی پاریس سانجێرمان ئەنجام و بەرامبەر سانت ئیتیان یاریی کرد، بەڵام جارێکی دیکە رامۆس بەهۆی پێکان دابڕاوە و نازانرێت کەی دەگەڕێتەوە سەر لاکێشەی سەوز.

ماوریسیۆ پۆچێتینۆ راهێنەری پاریس سانجێرمان پێش یاریی ئەمشەوی یانەکەی بەرامبەر مۆناکۆ لەبارەی رامۆسەوە گوتی 'هیوادارم پێش ئەوەی بگەینە سەری ساڵی نوێ جارێکی دیکە سێرخیۆ رامۆس لەناو یاریگاکان ببینینەوە، پێموانییە رامۆس لە یاریی بەرامبەر سانت ئیتیان زۆر ماندوو بووبێت و فشاری زۆری لەسەر دروست بوو بێت، چونکە لە یارییەکە 11 یاریزان بەرامبەر 10 یاریزان یاریمان دەکرد و دۆخی باش بوو'.

هاوینی رابردوو رامۆس بەهۆی لێکەوتەکانی پێکانەکانی بانگهێشتی یارییەکانی یۆرۆی 2020 نەکرا و لەوەتەی لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینی رابردووەوە لە ریال مەدریدەوە گواستراوەتەوە پاریس سانجێرمان، تا ئێستا تەنیا یەک یاریی بۆ یانە فەرەنسییەکە کردووە.