عێراق دووچاری قەیرانی نان دەبێت
K24 - هەولێر
ئاماژەکانی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەکانی عێراق، هەروەها وشکەساڵی و کەمبوونەوەی بارانبارین، کاریگەری نەرێنیان کردووەتە سەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان. کە گەنم و دانەوێڵە پشکی شێریان لە زیانەکان بەرکەوتووە.
زیانەکانی کەمبوونەوەی بەرهەمی گەنم لەسەر عێراق چەند هێندەیە، چونکە عێراقییەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە گەورەترین بەکاربەری گەنم و بەرهەمەکانین لە سەرووشیانەوە نان.
بە گوێرەی نوێترین خەملاندنەکان وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەمساڵ دوو ملیۆن تۆن گەنم کەمتر بەرهەمدەهێندرێت.
شارەزایان و چاودێرانی کشتوکاڵی، پێیانوایە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە گەورەیە بۆ بەرهەمهێنانی ئارد، حکومەتی عێراق ئاسانترین بژاردە هەڵدەبژێرێت کە هاوردەکردنە و لە ئەنجامدا نرخی گەنم و بەرهەمەکانی بەرزدەبێتەوە، ئەوەش دەبێتە بارگرانییەکی دیکە لەسەر هاووڵاتی عێراقی، بە تایبەت ئەو کەسانەی لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، کە بەگوێرەی داتا نێودەوڵەتییەکان و داتاکانی حکومەتی عێراق، یەک لەسەر سێی عێراقییەکان لە ژێر هێڵی هەژاریدا گوزەران دەکەن.