فەرمانگەی پاسپۆرتی کابول دووبارە دەکرێتەوە

رێگە بە ئەفغانییەکان دەدرێت وڵاتەکەیان جێبهێڵن
نۆرەی خەڵکی کابول لە فەرمانگەی پاسپۆرت - ئەرشیف
نۆرەی خەڵکی کابول لە فەرمانگەی پاسپۆرت - ئەرشیف

K24 - هەولێر

لەکاتێکدا خەڵکێکی زۆر لەبەردەم فەرمانگەکە چاوەڕێن، دوای مانگێک لە کارخستنی نووسینگەکە دووبارە کرایەوە.

سەرۆکی فەرمانگەی پاسپۆرتی کابول داوای ئارامگرتن لەو ئەفغانیانە دەکات، کە چاوەڕێی بەڵگەنامەکانیان دەکەن تا رێگەیان پێبدرێت وڵات بەجێبهێڵن.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی "رۆیتەرز"، دوای مانگێک لە کارخستنی فەرمانگەی پاسپۆرتی کابول، دووبارە کرایەوە، ئالام گوڵ حەقانی لەلایەن تاڵیبانەوە بۆ پۆستی سەرۆکی فەرمانگەکە دەستنیشان کرا.

سەرۆکی نوێی فەرمانگەی پاسپۆرتی کابول بە ئاژانسەکەی گوت: "ئێمە هەموو هەوڵێکمان داوە بۆ دووبارە کردنەوەی نووسینگەکە، بەڵام هێشتاش رووبەڕووی هەندێک کەموکورتی بووینەتەوە".

مانگی رابردو فەرمانگەکە دوای ئەوەی کە ئامێرەکان بۆ دەرکردنی بەڵگەنامەی بایۆمەتری بەکارهاتن، لە ژێر فشاری ئەنجامدانی هەزاران بەڵگەنامە لە رۆژێکدا لەکارکەوتن و دواتر بە ناچاری فەرمانگەکە داخرا، کاروباری زۆرێک لە بەڵگەنامە یاساییەکان بە هەڵپەسێراوی مانەوە.

حەقانی گوتیشی: "دڵنیام فەرمانگەکە دەستپێدەکاتەوە و هەموو بەڵگەنامەکان کاریان بۆ دەکرێت، من گەلی ئەفغانستان دڵنیا دەکەمەوە، هیچ کەسێک بە دڵگرانی فەرمانگەکەمان بەجێناهێڵێت".

ئالام گوڵ حەققانی
ئالام گوڵ حەققانی