پارتی و یەکێتی لە بەغدا گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان دەکەن

دوو شاندی پارتی و یەکێتی بە جیا لە بەغدان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان - لۆگۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان - لۆگۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

K24 – بەغدا

دوو شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە جیا سەردانی بەغدایان کردووە، بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ لایەنەکان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق.

شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی هوشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی گەیشتە بەغدا، لە وێستگەی یەکەمی سەردانەکەشیاندا شاندی پارتی لەگەڵ محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدوم کۆبوونەوە، گفتوگۆیان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق کردووە".

گوتیشی: "هاوکات شاندێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی لە بەغدان، شاندەکەی یەکێتی لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق و عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق کۆبوونەتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "لە کۆبوونەوەکانی ئێستای لایەنەکان هیچ رێککەوتنێک ناکرێت، بەڵکو مەبەست لە گفتوگۆکان لێکتێگەیشتنە، کە لایەنە کوردییەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی لایەنی سەرەکین لە پێکهێنانی حکومەت".

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێکی رەوتی سەدر و شاندێکی لایەنەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى شیعە سەردانی هەولێر و سلێمانی دەکەن.