ئەمەریكا لە پشتگیریكردنی عێراق و هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت

برێت مه‌كگۆرگ سه‌ره‌خۆشی له‌ خانه‌واده‌ی شه‌هیدانی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات كه‌ له‌ هێرشه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی داعش بوونه‌ قوربانی
كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، برێت مەكگورگ رێكخەری كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئافریقا لە كۆشكی سپی
كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، برێت مەكگورگ رێكخەری كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئافریقا لە كۆشكی سپی

K24- هه‌ولێر:

لە میانی كۆبوونەوەیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، برێت مەكگورگ رێكخەری كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئه‌فریقا لە كۆشكی سپی، دووپاتی كردەوە، ئەمەریكا لە پشتگیریكردنی عێراق و هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت و بۆ رووبەڕووبوونەوە و تێكشكاندنی یەكجاریی داعش، دەتوانن پشتی پێ ببەستن، هەروەها پرسە و سەرەخۆشی پێشكەش بە خانەوادەی شەهیدانی پێشمەرگە كرد كە ئەم دوایییە لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا شەهید بوون.

لە كۆبوونەوەكەدا كە نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 2021/12/13 لە هەولێر بەڕێوە چوو، نێچیرڤان بارزانی كاتی سەردانی مەكگورگی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بە گرنگ لە قەڵەم دا و دووپاتی كردەوە، لە سەروبەندی گۆڕانی ئەركی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە عێراق، دووپاتكردنەوەی بەردەوامیی پابەندیی ئەمەریكا بە پشتگیریكردنی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە، پەیامێكی گرنگە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و كونسولی گشتییان لە هەولێر ئامادەی بوون، هەڵبژاردن و ئەنجامەكانی و پێشبینی بۆ داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە عێراق، گفتوگۆی نێوان هێز و لایەنە عیراقییەكان، هەوڵەكان بۆ دامەزراندنی حكوومەتی نوێی فیدراڵ، دۆخی ئەمنی و سەربازی و ئابووریی وڵات، هێرش و پەلامارەكانی داعش، هاریكاری و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپا، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، گفتوگۆی ستراتیژیی عێراق ـ ئەمەریكا و دەرفەتەكانی برەودان بە پەیوەندییەكانی هەردوولا تاوتوێ كران.

هەردوولا هاوڕا بوون كە داعش مەترسییەكی راستەقینەیە و بۆ رووبەڕووبوونەوە و تێكشكاندنی، هێشتا عێراق پێویستی بە بەردەوامیی پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەیە، هەروەها هاریكاری و هەماهەنگیی هێز و لایەنە عێراقییەكانیان بە پێویست زانی بۆ ئەوەی بتوانن حكوومەتێكی كۆكەرەوە لە وڵات پێك بهێنن كە وەڵامدەرەوەی داواكارییەكانی هاووڵاتیانی عێراق بێت و ئارامی و سەقامگیریی بپارێزێت.

دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و جیهان، دۆخی ناوچەكە بەگشتی، دوایین پێشهاتەكانی سووریا و پرسی كورد لەو وڵاتە و چەند بابەتێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

H.B