وەزيرى خوێندنى باڵا: بۆ ریفۆرمى خوێندنى تەکنیکى سود لە ئەزمونى زانکۆکانى ئەڵمانیا وەردەگرین

K24- ههولێر:
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند، بۆ فراوانکردنی پانتایی خوێندنی تەکنیکی و ڤۆکەیشنەڵ و بەستنەوەی زیاتری پرۆسەی خوێندنی تەکنیکی بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار، کار بۆ داڕشتنەوەی ستراتیجی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی لە هەرێمی کوردستان دەکەین.
ئەم لێدوانەى د. ئارام محمد قادر ئەمڕۆ دوشەممە رێکەوتى (2021/12/13) لەمیانى پێشوازیکردنى لە سڤێن مۆسلەر کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمى کوردستان بە وەکالەت هاتووه.
لەسەرەتاى دیدارەکەدا، کە بریکارى وەزارەت و راوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەیبون، کونسوڵى گشتى ئەڵمانیا بە وەکالەت وێڕاى ستایشى هەماهەنگى و دڵسۆزى گەل و حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەبارەى پەرەپێدانى سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستان، هەروەها پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و هاوکارى خۆی بۆ سیستمى خوێندن و پێشخستنى ئاستى زانکۆکانى کوردستان دوپاتکردەوە و کورتەیەکیشى لەبارەى گۆڕانکارییەکانى سیستمى خوێندن و فێربون لە وڵاتى ئەڵمانیا خستەڕوو.
لەبەرامبەردا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بهگرنگیهوه باسی له پێویستی ههماههنگی و هاوكارییهكانی حكومهت و گهلی ئەڵمانیا بۆ ههرێمی كوردستان كرد و رایگەیاند: پەیوەندیمان لەگەڵ زانکۆکانى وڵاتى ئەڵمانیا بەهێزە و تا ئێستا 36 یاداشتنامەى لێکگەیشتن لەنێوان وەزارەت و زانکۆکانى کوردستان لەگەڵ زانکۆکانى ئەڵمانیا واژۆکراوە، بە ئامانجى ئاڵوگۆڕى زانستى و خوێندکاران و مامۆستایان. بۆیە بە گەشبینییەوە لەم پەیوەندیانە دەڕوانین و زانکۆکان و سیستمى خوێندنى ئەو وڵاتە بۆ ئێمە جێگەى بایەخ و پشت پێ بەستنە لە پرۆسەى خوێندندا.
لەبارەى ریفۆرم لە پرۆسەى خوێندن، د. ئارام محمد قادر دوپاتیکردەوە: لە رێگەى ریفۆرمى لە پرۆسەى خوێندن کار بۆ داڕشتنەوەی ستراتیجی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی لە هەرێمی کوردستان دەکەین، بەئاراستەی فراوانکردنی پانتایی خوێندنی تەکنیکی و ڤۆکەیشنەڵ و بەستنەوەی زیاتری پرۆسەی خوێندنی تەکنیکی بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار و سێکتەرەکانی کۆمەڵگە و بزنس و پیشەسازییەوە، بۆ ئەمەش سود لە ئەزمون و سیستمى وڵاتى ئەڵمانیا وەردەگرین.
لەکۆتایى دیدارەکەدا کونسوڵى گشتى ئەڵمانیا بەوەکالەت، پاڵپشتى و پشتیوانى بۆ پلانى کارکردنى وەزارەت و ریفۆرم لە پرۆسەى خوێندن لە هەرێمى کوردستان دوپاتکردەوە و بەڵێنى دا، هاوکارى وەزارەت بێت بۆ ئەم پرۆسە گرنگە.
H.B