شه‌مخانی: جه‌نگی یه‌مه‌ن و رۆڵی حزبوڵڵا و به‌رگری غه‌زه نموونه‌ی گۆڕانی جوگرافیای سیاسین له ناوچه‌كه
K24- هه‌ولێر:
عه‌لی شه‌مخانی، ئه‌مینداری ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران گوتی: سێ فاكته‌ر بوونه‌ته هۆی گۆڕانكارییه‌كی ئه‌منی له ناوچه‌كه.
له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا شه‌مخانی گوتی: "شكستهێنانی هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی له جه‌نگی یه‌مه‌ن، رۆڵی كارای حزبوڵڵای لوبنانی بۆ پارێزگاریكردن له هاوكێشه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه و ده‌ركه‌وتنی غه‌زه وه‌ك هێزێكی گرنگ له دژی "قه‌واره‌ی سه‌هیۆنیه‌ت"، نموونه‌ی سێ هۆكارن بۆ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی له جوگرافیای سیاسی و ئه‌منی له ناوچه‌كه روویداوه".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه به‌هۆی شكسته سیاسییه‌كانی له عێراق و ئه‌فغانستان و رۆژئاوای ئاسیا ده‌رخه‌ری ئه‌و راستییه‌ن، كه هه‌ژموونی ئه‌مه‌ریكا له جیهان به‌رده‌وام له لاوازبووندایه، بۆیه رووی له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چین و رووسیا كردووه"، گوتیشی: "گرنگترین پێشڤه‌چوونه‌كانی ئه‌م ماوه‌یه خۆی له شكستی ستراتیژیه‌تی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی بۆ فشار خستنه‌سه‌ر ئێران‌دا ده‌بینێته‌وه".
ئه‌مینداری ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران دووپاتیكرده‌وه، "هه‌موو ئه‌و گۆڕانكارییانه و ئه‌و "شه‌قه زللـه‌یه‌ی ئێران له عه‌ین ئه‌سه‌د له ئه‌مه‌ریكای وه‌شاندووه" ره‌وایه‌تی سیاسه‌تی ئێران له ناوچه‌كه پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه، هه‌روه‌ك زه‌مینه‌سازیی كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا خۆی كۆبكاته‌وه و له ناوچه‌كه بكشێته‌وه".
سه‌باره‌ت به ئیسرائیلیش، شه‌مخانی جه‌ختیكرده‌وه، "له ستراتیژییه‌ته سه‌ره‌كیه‌كانی "قه‌واره‌ی سه‌هیۆنیه‌ت" ترساندنی ئه‌وانی دیكه‌یه له ئێران و دروستكردنی گرژییه له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان تاران و دراوسێكانی، بۆیه ئێمه هه‌ر بوونێكی ئیسرائیل له ناوچه‌ی كه‌نداو به سه‌رچاوه‌ی گرژی و سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یران ده‌زانین و پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران و وڵاتانی ناوچه‌كه‌یه".
H.B