داعش 4 كه‌سی له سنووری قه‌زای خانه‌قین رفاند
K24- خانه‌قین:
ئه‌مڕۆ چه‌كدارانی داعش 4 كه‌سیان له نزیك ده‌ریاچه‌ی حه‌مرینی سه‌ر به ناحیه‌ی سه‌عدییه له سنووری قه‌زای خانه‌قینی سه‌ر به پارێزگای دیاله رفاند، یه‌كێكیان ئه‌فسه‌ره و ئه‌وانی دیكه‌ش كار و پیشه‌ی جیاوازیان هه‌یه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له سنووری پارێزگای دیاله كه نه‌یویست ئاماژه به ناوی بكرێت، تایبه‌ت به كوردستان24 هه‌واڵه‌كه‌ی پشتڕاستكرده‌وه و ناوی ئه‌و 4 كه‌سه‌شی ئاشكراكرد، كه ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعش له نێوان ناوچه‌ی ناره‌ین و ته‌ل عوه‌یسات له ده‌وروبه‌ری ده‌ریاچه‌ی حه‌مرین رفێندراون و له‌مانه‌ی خواره‌وه پێكهاتوون:
1- موقه‌ده‌م یاسر عه‌لی شنیار، ئه‌فسه‌ری پاسپۆڕت له ئه‌عزه‌میه‌ی شاره به‌غدا.
2- مه‌سعود عه‌بدولوه‌هاب ماهر ئه‌لمتوه‌لی، فه‌رمانبه‌ری بانكی به‌غدا له پارێزگای به‌غدا.
3- ریاز عه‌بود ئه‌حمه‌د ئه‌لدلێمی، چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی له پارێزگای به‌غدا.
4 ئیبراهیم عه‌بدولجه‌بار ئیبراهیم ئه‌لجبووری، كاسبكار له ناوچه‌ی حه‌مرین.
وه‌ك ئه‌و سه‌رچاوه‌یه ئاماژه‌ی پێدا، ئه‌و چواركه‌سه‌ی له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه رفێندراون، بۆ راوی قازی كێوی چووبوونه ئه‌و شوێنه و تا ئێستاش چاره‌نووسیان به‌نادیاری ماوه‌ته‌وه.
H.B