یەکلا کردنەوەی پۆستی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق سەخت دەبێت

هەندێک لایەن داوا دەکەن هەرسێ پۆستەکە بکرێت بە یەک پاکێج
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

رێککەوتن لەسەر پۆستی سێ سەۆکایەتییەکەی عێراق یەکێک لە قۆناغە سەختەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو دەبێت، بەشێک لەلایەنە شیعە و سونەکان داوا دەکەن بە یەک پاکێج هەر سێ سەرۆکایەتییە بگۆڕێت، بۆ ئەوە کەسانی نوێ بێنە پێشەوە، بەڵام هەر لەناو پێکهاتەی خودی شیعە و سونە و کوردیش ئەو پۆستانە یەکلا نەکراوەتە، ناکۆکی هەیە لە دەستنیشان کردنی ئەو کەسانەی کە ئەو پۆستانە وەردەگرن، چونکە دەبێت بە دڵی هەموو لایەنەکان بن.

شەڕی وەرگرتنی پۆستی سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق، سەخترین شەڕی سیاسی قۆناغی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق دەبێت، هاوپەیمانی عەزمی خەمیس خەنجەر، بە جۆرێک کار بۆ فراونکردنی هاوپەیمانێتیەکەی دەکات کە محەمەد حەلبوسی شانسی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی نەبێ، هەروها لەنێو شیعەکانیش کوتلەی سەدری سوورە لەسەر دانانەوەی کازمی و چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکانیش رەتیدەکەنەوە، پۆستی سەرۆک کومار لەنێوان یەکێتی و پارتی یەکلانەبووەتەوە.

هادی جلۆمەرعی، چاودێری سیاسی  بە کوردستان24ی گوت: "رێککەوتن لەسەر ناوی نوێ دەکرێت، پێم وایە پێکهاتەی سونە ئاراستەی بەرەو حەلبوسی نییە، بەڵکو بەرەو کاندیدێکی هاپەیمانی عەزمە، چوارچێوەی هەمەهەنگی شیعەکانیش نوێکردنەوەی کازمی رەتدەکەنەوە، لەناو کوردیش رەنگە پارتی کاندیدی هەبێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، لەوان دەبێت نەک یەکێتی".

هەندێک هێزی سیاسی لەنێو پێکهاتەکان داوا دەکەن گۆڕینی هەرسێ سەرۆکایەتییەکە بە یەک پاکێج بێت و دەموچاوی نوێ بێتە پێشەوە، ئەمەش دیسانەوە هەر لە ناو خودی شیعە و سونە و کوردیش گرفتی دروستکردووە، بۆ دەستنیشان کردنی ئەو کەسانەی کە ئەو پۆستانە وەردەگرن ،چونکە دەبێت بە دڵی هەموو لایەنەکان.

لەوبارەوە شروق عەبایەچی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق دەڵێ: "ئێستا گرنگرین شت ئەوەیە کە بەیەک پاکێج سێ سەرۆکایەتییەکە نوێ نەکرێنەوە، یان نوێشکرانەوە هەر بەیەکەوە بن، من پێم وایە گۆڕانکاری لە سێ سەرۆکایەتیەکە دەکرێت لە قۆناغی داهاتوو، چونکە دۆخی سیاسی گەیشتووەتە بنبەست و دەبێت بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەسەر بدرێت".

هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10/10/2021 کرا، بەڵام تائێستا هیچ رێککەوتنێک لەنێوان لایەنەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت نەکراوە.

هەرچەندە بڕیاربوو دوێنێ 13/12/2021، بڕیاری کۆتایی لەبارەی تانەکانی ئەنجامی هەڵبژاردن بدرێت، بەڵام دادگای باڵای فیدراڵی جارێکی تر تاوتوێی سکاڵاکەی هادی عامری بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دواخست بۆ 22/12/2021. پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش پەیوەستکراوە ئەنجامی تانەکان تا یەکلاکردنەوەی ئەو بڕیارە یاساییانەش، هەموو دانوستانە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی و دانانی سێ سەرۆکایەتیەکە بایەخی ئەو تۆی نابێت.