جەمال کۆچەر: دۆخی ئێستای عێراق لەبار نییە بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار

"جێگیرکردنەوەی بەهای دینار لە ئاستی پێشووی دروست نییە، ئەو ئاستە بووە بەشێک لە مێژوو"
دیناری عێراقی و دۆلاری ئه‌مه‌ریكی
دیناری عێراقی و دۆلاری ئه‌مه‌ریكی

K24 - هه‌ولێر:

چەند رۆژێکە بەرزکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمه‌ریکی بووەتە باسی گەرمی میدیاکان، بە تایبەتی دوای ئەوەی نووسینگەی موقتەدا سه‌در، رێبەڕی رەوتی سەدرییەکان رایگەیاند، مەرجی پێکهێنانی حکومەتیان ئەوەیە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بۆ سەردەمی زێڕینی خۆی دەگەڕێننەوە، واتە 100 دۆلار دەگەڕێتەوە ئاستی 120 هەزار دینار.

لەو بارەیەوە جەمال کۆچەر، کاندیدی سەرکەوتوو بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ کوردستان24 رایگەیاند، سەرەڕای لێدوانە جیاوازەکان، بەڵام دۆخی ئێستای عێراق بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لەبار نییە، چونکە ئەو دابەزاندنە هۆکاری سەرەکی بووە تاوەکو ئابووری عێراق لە داڕمان رزگار بکات.

گوتیشی: لەگەڵ ئەوە یەدەگی دراوی قورسی عێراق بۆ 64 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتووەته‌ ناوچەی ئارام، کە بە 82 ملیار دینار خەمڵێندراوە، واتە هەر قەیرانێکی کتوپڕ رووبدات، دۆخی دارایی عێراق بەرگەی ناگرێت، بۆیە پێویستە لە دۆخی ئێستا لەسەر سیاسەتی خۆی بەردەوام بێت.

ئاماژەی بەوەشدا، لە ئەگەری دەستکاریکردنی بەهای دینار متمانە بە ئابووری عێراق لاواز دەبێت، ئیدی وایلێدێت داواکاری زیاتر بکرێت تاوەکو زیاتر دەستکاری بەهای دینار بکەن. هەروەها پێشبینی دەکەن ئەو لایەنانەی لە ئەنجامی دابەزاندنی بەهای دینار زیانیان بەرکەوتووە داوای قەرەبوو بکەنەوە.

هاوکات "مەزهەر محەمەد ساڵح"، راوێژکاری دارایی و ئابووری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، ویستێک هەیە بۆ دەستکاریکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو و بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2022.

ئەو راوێژکارە ئاماژەی بەوەداوە، جێگیرکردنەوەی بەهای دینار لە ئاستی پێشووی دروست نییە، ئەو ئاستە بووە بەشێک لە مێژوو، بەتایبەت کە ئێستا ئەو ئاستە قازانجی بۆ پێگەی دارایی عێراق هەبووە، بەڵام پێشبینی دەکەن کەمێک بەرامبەر دۆلار بەرزبکرێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە "عەلی عەلاوی"، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاندبوو، پەڕاوی چاکسازی پڕۆژەیەکی سەدا سەدی عێراقییە و ئامانج لێی بەهێزکردنی تواناکانی دەوڵەتە، بۆ ئەمەش دەستیان بە جێبەجێکردنی کردوە سەرەتای چاکسازییەکان لە کارگێڕی گشتی دەوڵەت دەستیپێکردووە و ئینجا چاکسازی لە دارایی دەوڵەت.