بەهای لیرەی لوبنانی بۆ کەمترین ئاستی 70 ساڵی رابردووی دادەبەزێت

لە 70 ساڵی رابردوودا بەهای لیرە لەو ئاستە نەبووە
دۆلاری ئه‌مه‌ریكی و لیره‌ی لوبنانی
دۆلاری ئه‌مه‌ریكی و لیره‌ی لوبنانی

K24 - هه‌ولێر:

بەهای لیرەی لوبنانی جارێکی دیکە لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی وڵاتەکە داڕما، ئەمجارە بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە 70 ساڵی رابردوودا دابەزی، بەهای هەر دۆلارێک گەیشتە 26 هەزار و 350 لیرە، هۆکاری ئەو داکەوتنە بەرچاوەش، قەیرانی ناوخۆی وڵاتەکە و گرژییەکانە لەگەڵ ولاتانی سعودیە، کە یارمەتیدەری سەرەکی دارایی بەیرووت بوون.

مامەڵەکاران لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو دەڵێن، ترس هەیە لە چەند رۆژی داهاتوو بەهای لیرە زیاتر دابکەوێت و بەرامبەر دۆلارێک بگاتە ئاستی 30 هەزار لیرە. چونکە تاوەکو ئێستا هیچ هەوڵێکی ئەوتۆ لە ناوخۆی وڵاتەکە نەدراوە بۆ ئەوەی چارەسەری قەیرانەکان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بکرێت.

ئاماژەیان بەوەشدا، لە مێژووی وڵاتەکە و لە 70 ساڵی رابردوو کاتێک لە ژێر دەسەڵاتی فەرەنسی سەربەخۆیی بەدەستهێنا، بەهای لیرە لەو ئاستە نەبووە.

مامەڵەکاران پێیان وایە، دۆخێکی رەشبینی باڵی بەسەر بازاڕەکاندا کێشاوە، بە تایبەت زیاتر لە مانگێکە ئەنجومەنی وەزیران بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسی و حیزبییەکان کۆنەبووەتەوە.