"ئه‌گوێرۆ بڕیاریی كۆتایی دا"

سێرخیۆ ئاگوێرۆ کە ماوەیەکە بەهۆی نەخۆشی دڵیەوە لە بارسێلۆنا دابڕاوە سبەی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی یانەکەی ئامادە دەبێت و بەپێی سەرچاوەکانی ئیسپانیا یاریزانی ئارجێنتینیەکە وازهێنانی یەکجارەکی لە یاریکردن رادەگەیەنێت، کە ئەم یاریزانە لەوەتەی پەیوەندی بە بارسا کردووە تەنیا 165 خولەک یاریی کردووە.

بە هیوایەکی زۆرەوە روویکردە بارسێلۆنا و خەونی یاریکردن بوو لە بارسێلۆنا بە تەنیشت لیۆنێل مێسییەوە، بەڵام ئاگوێرۆ بێ چانس بوو، لەگەڵ هاتنی بۆ بلاوگرانا مێسی لەم یانەیە رۆیشت، ئێستاش بەدبەختییەکی دیکە رووی لە ئاگوێرۆ کردووە، بەهۆی نەخۆشی دڵەوە لە یانە کەتەلۆنییەکە دوور کەوتووەتەوە و دوور نییە رۆژی چوارشەممە ئەستێرەکەی بارسێلۆنا وازهێنانی یەکجارەکی لە یاریکردن رابگەیەنێت.

بارسێلۆنا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە هەوادارانی بارسێلۆنا و ئاگوێرۆی خستوەتە دڵەراوکێیەوە، بارسا رایگەیاندووە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بۆ ئاگوێرۆ رێک دەخەن و خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەکەش ئامادە دەبێت.

رادیۆی مارکای ئیسپانی رایگەیاندووە ئەم کۆنگرە رۆژنامەوانییەی بارسا رێکی دەخات بۆ ئەوەیە کە ئاگوێرۆ تیایدا وازهێنانی یەکجاری لە یاریکردن رادەگەیەنێت، بەڵام یاریزانەکە و یانە ئیسپانیەکەش لەمبارەیەوە هیچیان نەدرکاندووە.

بەپێێ بەرنامەی باناوبانگی ئێلچێرینگیتۆی ئیسپانیش یاریزانە 33 ساڵانەکە لە هەفتەی رابردووەوە خۆی یەکلایی کردووەتەوە لە وازهێنان دوای دڵنیابوون لەوەی دڵی کێشەی هەیە و لێدانی دڵی رێکخراو نییە و رێگەی نادات یاریی بکاتەوە.

لە بەرنامە ئیسپانیەکە هێما بۆ ئەوەش کراوە هەوآڵی وازهێنانی ئاگوێرۆ ئارجێنتینای بە گشتی دڵتەنگ کردووە چوننکە هێرشبەرەکەی بارسا خۆشەویستیەکی زۆری لەلای هاندەرانی تانگۆ هەیە.

لە ئێلچێرینگیتۆ ئاماژە بەوەش کراوە ئاگوێرۆ دڵنیا نییە دوای وازهێنانی یەکجاری لە یاریکردنی تۆپی پێ لەکوێ دەژیت.

لەلایەن خۆیەوە سەمیر نەسری ئەستێرەی پێشووی فەرەنسا و مان سیتی ئاماژەی بەوە کرد کە ئاگوێرۆ پێی راگەیاندووە بە یەکجاری واز لە یاریکردن دەهێنێت.

سێرخیۆ ئاگوێرۆ لە هاوینی رابردوو بە گرێبەستێکی سەربەست دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ مان سیتی پەیوەندی بە بارسێلۆنا کرد و لەو کاتەوە تا ئێستا تەنیا 165 خولەک یاریی بە درێسی بارسا کردووە و یەک گۆڵی تۆمار کردووە.