ساڵی داهاتوو 122 پڕۆژە بە گوژمەى 60 ملیار دینار له‌ هه‌ولێر ئه‌نجام ده‌درێن

"به‌ فەرمان و راسپاردەی مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زۆربەى ئەو شوێنانەی پێویستى کردووە، بەشێوەیەکى یەکسان پلان بۆ ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌كان داندراون."
دیمه‌نی شه‌قامه‌كانی هه‌ولێر
دیمه‌نی شه‌قامه‌كانی هه‌ولێر

K24 - هه‌ولێر:

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی پارێزگاری هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت، پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر بۆ ساڵى 2022، کە (122) پڕۆژەیە بە گوژمەى (60) ملیار دینار پەسند کران.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی پارێزگاری هه‌ولێر رایگه‌یاند، بەمەبەستی پەسندکردنى پلانی پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر بۆ ساڵى 2022، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونى سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر، هه‌ردوو جێگرانى پارێزگار و سەرۆکى شارەوانى هەولێر، کۆبوونەوەیەک به‌ڕێوه‌چوو.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی پارێزگاری هه‌ولێر  راشیگه‌یاند، ئامادەکارییەکان بۆ دەستکردن بە پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر بۆ ساڵى 2022 گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.

نووسینگه‌ی پارێزگار روونیكرده‌وه‌، "به‌ فەرمان و راسپاردەی مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زۆربەى ئەو شوێنانەی پێویستى کردووە، بەشێوەیەکى یەکسان پلان بۆ ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌كان داندراون."

نووسینگه‌ی پارێزگاری هه‌ولێر ده‌شڵێت: "لەبارەى بڕی بودجەی تەرخانکراو و زەرورەتى ئەو پڕۆژە خزمەتگوزرایانەى کە پێویستن، بڕیار لەسەر پەسندکردنى پلانى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر بۆ ساڵى 2022 درا، کە (122) پڕۆژەیە و بە گوژمەى (60) ملیار دینار لەسەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر جێبەجێ دەکرێن.

لایه‌نێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی پارێزگاری هه‌ولێر و تیمه‌كه‌ی
لایه‌نێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی پارێزگاری هه‌ولێر و تیمه‌كه‌ی