خولی نایابی کوردستان.. بۆیەکەمجار هەندرێن دۆڕا و چەمچەماڵ و شەقڵاوەش یەکسان بوون

یاریی چەمچەماڵ و شەقڵاوە
یاریی چەمچەماڵ و شەقڵاوە

لە گەڕی یازدەمی خولی نایابی کوردستان، هەندرێن بۆیەکەمجار لەم وەرزە تووشی دۆڕان بوو، چەمچەماڵ و شەقڵاوەش خاڵەکانی یارییەکەیان دابەش کرد.

هەندرێنی پێشەنگی خولی نایابی کوردستان لە پیرمام بووە میوانی ئارارات و بۆیەکەمجار لەم وەرزە تامی دۆڕانی چەشت و 2-1 تووشی شکست بوو.

سەرەتا لە خولەکی 16 عومەر بیبۆ بە ئەسیستێکی ئەمیر رەزا گۆڵی یەکەمی بۆ ئارارات کرد، لە دوایین ساتەکانی نیوەی یەکەم سەنگەر عەبدولکەریم گۆڵی یەکسانبوونی بۆ هەندرێن کرد و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا.

لە دەستپێکی نیوەی دووەم ئەمیر رەزا رۆڵی خۆی لە یارییەکە لە گۆڵدروستکارەوە گۆڕی بۆ گۆڵکار و گۆڵی بردنەوەی بۆ ئارارات کرد، ئارارات 2-1 لە هەندرێنی بردەوە و بووە خاوەنی 11 خاڵ، هەندرێنیش هەر بە خاوەنی 21 خاڵ مایەوە و پێگەکەی لە پێشەنگی خولەکە کەوتە مەترسییەوە.

لە یارییەکی دیکە، چەمچەماڵ و شەقڵاوە 1-1 یەکسانبوون، سەرەتا چەمچەماڵ لە نیوەی یەکەم گۆڵی یەکەمی لەرێگای جیهان جەلال تۆماری کرد، بەڵام لە دوا ساتەکانی یارییەکە شەقڵاوە بەهۆی گۆڵێکی پێچەوانە ئەنجامەکەی یەکسان کردەوە.
چەمچەماڵ پێنجەمین یارییە یەکسان دەبێت و بووە خاوەنی 14 خاڵ، لەبەرامبەردا شەقڵاوە لە شەشەمین دۆڕان رزگاری بوو بۆ پێنجەمجار کەوتە داوی یەکسان بوون و ئەمجارەش تامی سەرکەوتنی نەکرد و بە 5 خاڵ لە خانەی پازدەمی ریزبەندی مایەوە.