حامید كارزایی: بۆ رێگرتن له پشێوی و پاراستنی خه‌ڵك داوام له تاڵیبان كرد بێنه كابووڵه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی پێشووتری ئه‌فغانستان، حامید كارزایی، ئاشكرایكرد، بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان به هێز ده‌ستی به‌سه‌ر كابووڵدا نه‌گرتووه و بۆ رێگرتن له پشێویی ناچار بووه بانگهێشتیان بكات.
له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئه‌سۆشێیتد پرێس، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه حامید كارزایی گوتی: من و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌فغانستان، عه‌بدوڵڵا عه‌بدوڵڵا رۆژی 14ی ئاب، به‌ر له هاتنی تاڵیبان بۆ پایته‌خت، له‌گه‌ڵ ئه‌شره‌ف غه‌نی، سه‌رۆكی راكردووی ئه‌فغانستان كۆبووینه‌وه.
گوتیشی: له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا گه‌یشتینه رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی رۆژی دواتر غه‌نی و 15 كه‌سی دیكه وه‌ك شاند بچن بۆ ده‌وحه بۆ ئه‌وه‌ی رێككه‌وتن له‌سه‌ر دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ تاڵیبان بكه‌ن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، تاڵیبان گه‌یشتبووه قه‌راغی شار و سه‌ركردایه‌تی قه‌ته‌ریش پێیان راگه‌یاندین، تاڵیبان تا رێككه‌وتن نه‌كرێت نایه‌ته ناو پایته‌خته‌وه.
كارزایی له درێژه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، رۆژی 15ی ئاب له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڵا عه‌بدوڵڵا چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بوون لیستی ناوی شانده 15 كه‌سییه‌كه ته‌واو بكرێت و ده‌نگۆی هاتنی تاڵیبانیش بڵاوبوویه‌وه، به په‌له په‌یوه‌ندیمان به قه‌ته‌ره‌وه كرد و ئه‌وانیش ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه‌یان كرد، تاڵیبان له ده‌ره‌وه‌ی شار ده‌مێنێته‌وه و نایه‌ته ناو شار.
كارزایی گوتیشی: تاڵیبان له نیوه‌ڕۆی 15ی مانگدا رایگه‌یاند، حكومه‌تی كابووڵ به‌رده‌وام ده‌بێت له كاره‌كانی و پێویست ناكات بڕوات و بزووتنه‌وه‌كه نایه‌ته ناو پایته‌خته‌وه.
هه‌روه‌ها گوتی: من و هاوه‌ڵه‌كانم له‌گه‌ڵ به‌رپرسه جیاجیاكاندا له په‌یوه‌ندیدا بووین و ئه‌وه‌مان پێ ده‌وتن كه ره‌وشه‌كه به‌و جۆره‌یه و هێزه ئه‌مه‌ریكی و حكومییه‌كان له شوێنی خۆیاندان و كابووڵ ناكه‌وێت.
راشیگه‌یاند، كاتژمێر 2:45 خوله‌كی دوای نیوه‌ڕۆ ده‌ركه‌وت ئه‌شره‌ف غه‌نی و به‌رپرسه ئیداری و ئه‌منییه‌كانی نزیكی له كابووڵ رایانكرد.
هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌و رۆژه هیچ به‌رپرسێك له كابووڵ نه‌مابوو، نه فه‌رمانده‌ی پۆلیس و نه فه‌رمانده‌ی سوپا و یه‌كه‌كان و سه‌رجه‌میان رایانكردبوو.
حامید كارزایی، نه‌یشارده‌وه، كه رێكخه‌ری كاروباری وه‌زیری به‌رگری له حكومه‌تی ئه‌شره‌ف غه‌نی، كه ناوی بسمیلا محه‌مه‌دییه، پێشنیازی بۆ كردم منیش شاره‌كه به‌جێبهێڵم و جێگری سه‌رۆكی پاسه‌وانی سه‌رۆكایه‌تیش، پێشنیازی كرد، ده‌سه‌ڵات بگرمه ده‌ست، به‌ڵام من ره‌تم كرده‌وه و له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌م په‌یامێكم تۆمار كرد و داوام كرد، بمێننه‌وه.
ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، من داوام له بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان كرد، به په‌له بێنه ناو كابووڵ بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتیان له مه‌ترسی كه‌وتنی وڵاته‌كه و سه‌رهه‌ڵدانی پشێوی له پایته‌خت بپارێزن و رێگری بكه‌ن له دزی و تاڵانی.
له كۆتایی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا، حامید كارزایی باسی له‌وه‌شكردووه، ئه‌گه‌ر ئه‌شره‌ف غه‌نی رای نه‌كردبا، به دڵنیاییه‌وه تاڵیبان ئاماده‌بوو رێككه‌وتنی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات واژوو بكات و سه‌ركردایه‌تی تاڵیبان له ده‌وحه چاوه‌ڕوانی شاندی حكومه‌تیان ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه واژوو بكه‌ن.