شێوازێکی نوێی حەجکردن دەخرێتە بەردەستی موسڵمانان

"دەبێ ئەو شوێنە مەزن و پیرۆزە بە دیجیتاڵی بکەین"
مەککە
مەککە

K24 - هەولێر

عەرەبستانی سعوودیە دەسپێشخەری "بەردی ڕەشی گریمانەیی" راگەیاند، کە رێگە دەدات بە شێوەیەکی گریمانەیی لە رێگەی تەکنەلۆجیای (ڤی ئاڕ)ـەوە دەست لە بەردە رەشەکە بدرێت.

هەژماری فەرمی سەرۆکایەتی دوو مزگەوتە پیرۆزەکە (مزگەوتی گەورەی مەککە، مزگەوتی پێغەمبەر) لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەداوە: "ئێمە شوێنێکی مەزنی ئایینی و مێژووییمان هەیە، دەبێت بە دیجیتاڵی بکەین و بگەیەنین بە هەمووان".

راشیگەیاند "شێخ عەبدولرەحمان بن عەبدولعەزیز ئەلسادیس، سەرۆکی گشتی مزگەوتی گەورە و مزگەوتی پێغەمبەر، لە نووسینگەی خۆی دەستپێشخەریی لە پڕۆژەی "بەردی رەشی گریمانەیی" کرد".

پڕۆژەکە لەلایەن ئاژانسی کاروباری پێشانگا و مۆزەخانەوە بە نوێنەرایەتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پێشانگای دیجیتاڵ، بە هاوکاری پەیمانگای ئەمینداری دوو مزگەوتی پیرۆز بۆ لێکۆڵینەوەی حەج و عومرە لە زانکۆی ئوم قور بەڕێوەدەچێت.

ئەو پڕۆژەیە پشت بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای VR دەبەستێت، کە ژینگەیەکی هاوشێوەی کاتی حەجکردن بۆ حاجییان دەستەبەر دەکات.