گۆڕانی کەشوهەوا گەورەترین مەترسی بۆ سەر عێراق و سعوودیه‌ هەیە

گۆڕانی کەشوهوا گەورەترین مەترسی لەسەر بەرهەمهێنەرانی نەوت هەیە
گۆڕانی کەشوهەوا گەورەترین مەترسی بۆ سەر عێراق و سعوودیه‌ هەیە
گۆڕانی کەشوهەوا گەورەترین مەترسی بۆ سەر عێراق و سعوودیه‌ هەیە

K24 - هەولێر:

گۆڕانی کەشوهەوا هەڕەشەیەکی جددیە لەسەر ئابووری وڵاتان و تا دێت لێکەوتەکانی زیاتردەبن و زیانەکانی قووڵتر دەبنەوە.

بە گوێرەی نوێترین راپۆرتی کۆمپانیای ڤێریس ماپلێکرۆفت کە تایبەتە بە راوێژی بەڕێوەبردنی مەترسییەکان هۆشداری لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەدات و ئاماژەی بەوەداوە هەڕەشەی جددی لەسەر بڕێكی گەورەی یەدەگی نەوت و گازی جیهان هەن، هۆکارەکەشی بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی شەپۆڵ و زریان و لافاوەکان هەروەها بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما دەگەڕێتەوە، کە ئەمانە هەمووی دەرهاویشتەی گۆرانکارییەکانی کەشوهەوان.

ئەو کۆمپانیایە ئاماژەی بەوەداوە، نزیکەی 600 ملیار بەرمیل کە دەکاتە سەدا 40ـی یەدەگی نەوت گازی جیهان لەو ناوچانەن کە بە سەختی کەوتوونەتە ژێر دەرهاویشتەکانی کەشوهەوا، ئەوانیش هەریەکە لە وڵاتانی عێراق و سعوودیە و نێجیریان.

بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرزیش، کەرتی وزە بە گشتە کەوتوووەتە ژێر دەرهاویشتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، بە تایبەت کاتێک لەمساڵ شەپۆڵێکی سەرمای سەخت ناوەندی سەرەکی نەوت و گاز و پاڵاوتنی لە کەناراوەکانی کەنداوی ئەمریکای لە باشووری وڵاتەکە گرتەوە، بەهۆیەوە بۆ ماوەیەکی درێژ تۆڕی کارەبا پچڕا و ئاستی بەرهەمهێنان کەمی کرد.

رۆری کلیسبی، شارەزای کاروباری ژینگە لە کۆمپانیای ڤێریس ماپلێکرۆفت دەڵێت، ئەگەر لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بەوشێوەیە درێژە بکێشێت، ئەوا شۆکی گەورە لە کەرتی نەوت و گاز روودەدات.

بە گوێرەی راپۆرتی ئەو کۆمپانیایە، سەدا 10ـی کۆی یەدەگی بازرگانی جیهان کەوتوونەتە ئەو ناوچانەی کە بەگوێرەی خەمڵاندنی کۆمپانیاکە مەترسی زۆریان لەسەرە، هەروەها یەک لەسەر سێی یەدەگی نەوت لەو ناوچانەن کە مەترسی زۆریان لەسەرە.

شارەزایانی کۆمپانیاکە لە توێژینەوەکەیان روونیان کردووەتەوە، کە سعوودیە گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمبوونەوەی ئاوی پێویست و گەردەلوولی لمین مەترسی گەورەی لەسەرە.

هەرەوها لە نێجیریاش کە دووەم گەورە بەرهەمهێنەری نەوتی خاوە لە ئەفریقا، مەترسی زۆر لەسەر یەدەگەکەی هەیە کە کەوتووەتە ناوچەی دەلتا نێجیر و رووبەڕووی وشکایی و لافاو بووەتەوە.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەداوە، ئەو کۆمپانیایانەی لەو ناوچانە کاردەکەن، رووبەڕووی رووداوی کارەساتبار دەبن، ئەگەری هەیە بەهۆی زیاتر تێکچوونی کەشوهەوا، تێچووێ بەرهەمهێنانی بەرزبێتەوە، یان دووچاری راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت بن. یاخود مەترسییەکان کاریگەری لەسەر بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوتیش هەبێت، کە ئەگەری هەیە بۆرییەکان دووچاری داخوران یاخود تەقینی لە ناکاو بن.