"به‌دڵنیایی له عێراق ناكشێینه‌وه"
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
بڕیاره 15 رۆژی دیكه ئه‌مه‌ریكا له عێراق بكشێته‌وه، به‌ڵام چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له دواهه‌مین چاوپێكه‌وتنیدا له پێنتاگۆن، به‌رپرسی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به ئاشكرا گوتی: "به دڵنیایی له عێراق ناكشێینه‌وه".
جه‌نه‌رال فرانك ماكنزی، جه‌نه‌رالی هێزی پیاده‌ی ده‌ریایی له چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئه‌سۆشیتید پرێس ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، هێزه میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران ئاواته‌خوازن، كه ته‌واوی هێزه‌كانی خۆرئاوا له عێراق بكشێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه روونادات چونكه تا مانگی كانوونی یه‌كه‌م (دیسێمبه‌ری 2021) ئه‌م میلیشیایانه به‌رده‌وامن له‌سه‌ر كاری توندوتیژی، گوتیشی: "هه‌ر به راستی ئه‌وان ئاواته‌خوازن ته‌واوی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق بكشێته‌وه، به‌ڵام ته‌واوی هێزه‌كانمان له عێراق ناكشێنینه‌وه".
ئه‌و سه‌ركرده باڵایه‌ی ئه‌مه‌ریكا له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌شڵێت: "ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئه‌و 2500 سه‌ربازه‌ی ئێستا له عێراقدایه وه‌ك خۆی ده‌هێڵێته‌وه، تا ئاینده‌یه‌كی نادیار"، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، "هۆشدایمانداوه به‌وه‌ی كه پێشبینی زیاتر ده‌كه‌ین له‌دوای مانگی كانوونی یه‌كه‌م (دیسێمبه‌ری 2021) ه‌وه هێرشی زیاتر له‌لایه‌ن میلیشیا شیعه‌كانی سه‌ر به ئێرانه‌وه، بكرێته سه‌ر ئه‌مه‌ریكییه‌كان و عێراقییه‌كان، بۆئه‌وه‌ی ناچاربكرێن بكشێنه‌وه".
هه‌روه‌ها ئه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، وێرای ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له رۆڵی شه‌ڕكه‌ره‌وه ده‌گۆڕێت بۆ راوێژكاریی، به‌ڵام له رێگه‌ی هێزی ئاسمانی و هاوكاری سه‌ربازییه‌وه پاڵپشتی هێزه‌كانی عێراق ده‌كات بۆ شه‌ڕكردن دژی داعش (دوڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام).
له‌لایه‌كی تره‌وه به‌پێی راپۆرتێكی پشكێنه‌رانی گشتی سه‌ره‌كی له ئۆپه‌راسیۆنی زه‌بری پۆڵاین Operation Inherent Resolve (OIR) له عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه، تا ئه‌مساته هێزه‌كانی عێراق توانای كاركردنی نییه به‌بێ پاڵپشتی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان. راپۆرته‌كه‌ی OIR ده‌شڵێت: "له نێو ئه‌وانه‌شدا تا ئه‌مساته داعش سه‌رسه‌خته به گوزارشتێك یاخییه به ئاستێكی لاواز".
له بیست و حه‌وته‌مین راپۆرتی پشكێنه‌رانی OIR روونكراوه‌ته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چالاكییه‌كانی داعش له ساڵی پار به‌شێوه‌یه‌كی گه‌وره كه‌میكردووه، به‌ڵام هێزه‌كانی ئاسایشی عێراقی به‌شێوه‌یه‌كی لاواز به‌رچاو ده‌كه‌ون له پاراستنی ئاسایشی ناوچه‌كانی باكوری عێراق و كه‌موكورتی هه‌یه له‌نێو زانیاری باوه‌ڕپێكراو ده‌رباره‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیان و جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی نین.
له‌نێو دواهه‌مین راپۆرتی OIR دا ئاماژه به هێرشه‌كانی ئه‌م دوایه‌ی داعش دراوه بۆ سه‌ر ناوچه گوندنشینییه كوردییه‌كان و شه‌هیدبوونی چه‌ندین جه‌نگاوه‌ری كوردی، كه به پێشمه‌رگه ناسراون و ئاماژه‌ی زیاترن بۆ مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق و پاڵپشتی هێزه‌كانی عێراق و كورد.
ئۆپه‌راسیۆنی زه‌بری پۆڵاین ناوێكی كرداری سوپای ئه‌مه‌ریكایه بۆ به‌شداری نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، له‌ساڵی 2018 ه‌وه فه‌یله‌قی سێیه‌می زریپۆشی سوپای ئه‌مه‌ریكا به‌رپرسی ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه بوو دواتر گۆڕدرا بۆ فه‌یله‌قی هه‌ژده-ی بارهه‌ڵگری ئاسمانی.
پرۆفیسۆر مارك ئیل جۆهانسن له‌زانكۆی مینیسۆتا له لێدوانێكیدا بۆ كوردستان24 ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ئه‌مه‌ریكا ناكشێته‌وه، هۆكاری سه‌ره‌كی په‌یوه‌ندی به ئیداری بایدن-ه‌وه هه‌یه، نایه‌وێت شێوه‌یه‌كی دیكه‌ی خراپی ئیداره‌كه‌ی پیشان بدات وه‌ك ئه‌وه‌ی له ئه‌فغانستان نیشانی‌دا، هۆكارێكی تری نه‌كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، هێشتا عێراق وه‌ك خاك و سه‌ره‌وه‌ری عێراقییه‌كان به‌ڕێوه‌ی نابه‌ن، به‌ڵكو له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك پیاوی شیعه‌ی سه‌ر به ئێرانه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێت، بۆیه به كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ئێران به ته‌واوی گۆڕه‌پانه‌كه‌ی بۆ چۆڵ ده‌بێت.
9ی كانوونی یه‌كه‌م (دیسێمبه‌ری 2021) حكومه‌تی عێراق رایگه‌یاند، سه‌ره‌تای گفتووگۆكان ده‌رباره‌ی كۆتایی هێنانی ئه‌ركی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا دژی داعش ده‌ستی پێكردووه.
به‌ڵام به‌پێی راپۆرتێكی زه میللیته‌ری تایمز، هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له هه‌ندێك كاتدا له مێژه رۆڵی راوێژكاری ده‌گێڕن، بۆیه ئه‌م راده‌ستكردنه ئاشكرایه هیچ گۆڕان له كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا دروستناكات و پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ی پێشتری ئیداره‌ی بایدنه، كه له مانگی ته‌مموز (یۆلیۆی 2021) رایگه‌یاند، ده‌رباره‌ی كۆتایی ئه‌ركی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا له 31ی كانوونی یه‌كه‌می 2021 له عێراق.
هه‌رچی جه‌نه‌راڵ ماكنزی-یه له چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئه‌سۆشیتید پرێس جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه، كه هه‌ندێك بنكه‌یان چۆڵكردووه چونكه پێویستیان پێی نییه و بۆ گه‌یشتن دووره‌ده‌سته، به‌ڵام تا ئێستا عێراقییه‌كان پێویستیان به ئه‌ركی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكایه، گوتیشی: "عێراقییه‌كان هێشتا پێویستیان به به‌شداری ئێمه‌یه، ده‌شتوانین له‌و رووه‌وه رێكبكه‌وین".