له‌ رێگه‌ی ژماره‌یه‌كی بانكییه‌وه‌ هاوكاری بۆ زیانلێكه‌وتوان كۆده‌كرێته‌وه‌

"هەر خێرخوازێك دەیەوێت دەستى یارمەتى بۆ قوربانیان و لێقەوماوان و زیانلێکەوتووان درێژبکات، دەتوانێت لەڕێگەى ژمارەی بانکى هاوکارى و یارمەتییەکانیان بگەیه‌نن"
پاشماوه‌ی لافاوه‌كه‌ی هه‌ولێر له‌ ناحیه‌ی داره‌توو
پاشماوه‌ی لافاوه‌كه‌ی هه‌ولێر له‌ ناحیه‌ی داره‌توو

K24 - هه‌ولێر:

نووسینگه‌ی پارێزگاری هه‌ولێر له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا سه‌ره‌خۆشی له‌ كه‌سوكاری قوربانیانی لافاوه‌كه‌ی هه‌ولێر و كرد و ئاشكرای كرد، هەموو هەوڵ و توانایەکیان خستووه‌تەگەڕ بۆ به‌هاناوه‌چوونی زیانلێكه‌وتووان.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی پارێزگای هه‌ولێردا هاتووه‌، هەرکەس و لایەنێک و گرووپ و خێرخوازێک دەیەوێت دەستى یارمەتى بۆ قوربانیان و لێقەوماوان و زیانلێکەوتووان درێژبکات، دەتوانێت لەڕێگەى ژمارە حسابی (508) بانکى منارە هاوکارى و کۆمەک و یارمەتییەکانیان بگەیه‌نن.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی پارێزگای هه‌ولێر:

بەداخەوە لە بەرەبەیانى ئەمڕۆ بە هۆى هاتنی شەپۆلێکى بەخوڕى باران لافاو لەچەند گوند و ناوچەیەکی سنوورى پارێزگاى هەولێر دروست بوو و لەئەنجامدا جگە لە زیانى ماددی، زیانى گیانیشى لێکەوتەوە. وێڕاى پرسە و سەرەخۆشی خۆمان لە بنەماڵە و کەسوکاری قوربانیانى ئەم کارەساتە سرووشتییە، داوا لە خودای گەورە دەکەین گیانی قوربانیان بخاتە بەر دلۆڤانی خۆی و بە بەهەشتى بەرینیان شاد بکات.

لێرەشەوە دڵنیایی دەدەینە سەرجەم هاووڵاتیانى سنوورى پارێزگاکەمان، هەموو هەوڵ و توانایەکى خۆمان خستووه‌تەگەڕ و تەواوى لایەنە پەیوەندیدارەکان و هێزەکانى (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، هاتووچۆ، بەرگرى شارسانى، تەندروستى، شارەوانییەکان و ناوەندى قەیرانەکانى پارێزگا) له‌ ئامادەباشى و كارکردن و به‌دواداچوونی بەردەوامدان بۆ پێشهاته‌كان و هەرچى پێویست بێت بۆ زیانلێکەوتووان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان ئه‌نجامى ده‌ده‌ین.

دووپاتى دەکەینەوە بەداخەوەى ئەوەى کە روویداوە لە شارەکەمان کارەساتێکى سرووشتیى بەدەر لەتوانى مرۆڤ بووە و پێویست بەوە ناکات هیچ کەس و لایەنێک ئەو رووداوە کارەستبارەى بەسەر هاوشاریانى خۆشەویستى شارەکەماندا هاتووە بیقۆزێتەوە و بە سیاسى بکات، هەرکەس و لایەنێک و گرووپ و خێرخوازێک دەیەوێت دەستى یارمەتى بۆ قوربانیان و لێقەوماوان و زیانلێکەوتووان درێژبکات، دەتوانێت لەڕێگەى ژمارە حسابی (508) بانکى منارە هاوکارى و کۆمەک و یارمەتییەکانیان بگەیه‌نن.

سوپاس و دەستخۆشى بۆ سەرجەم دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان و رێکخراوە خێرخوازییەکان و هەموو ئەو کەس و لایەنانەى کە هەر لەسەرتایی رووداوەکەدا لەگەڵمان بوون و دەستى هاوکارى و یارمەتیان بۆ لێقەوماو و زیانلێکەوتووان درێژکرد، نموونەیان زۆربێت.

 

نووسینگەى پارێزگارى هەولێر